ڕۆیتەرز: داهاتووی هەوڵەکان بۆ ئاشتی لە تورکیا بەندە بە پێشهاتەکانی سوریاوە

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-10 17:10:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی 10ی مانگی یەک لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردوەتەوە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییە 40 ساڵەکەی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، هیوای بۆ ئاشتی لە تورکیا بەرزکردۆتەوە، بەڵام دۆخی هێزە کوردییەکان لە سوریا و نادڵنیایی دەربارەی مەبەستەکانی ئەنکەرە لەو وڵاتە نیگەرانییەکی زۆری لای کوردەکان دروست کردووە و وایکردووە دوودڵ بن لەو ڕێگەیەی کە لە بەردەمییاندایە. سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت و پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێشەوە بچێت. ململانێکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40,000 کەس لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، هەروەها بووەتە هۆی کەمی گەشەپێدان لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و کەوتنەوەی دووبەرەکی قووڵی سیاسیی. پارتی دەمی لایەنگری کورد لە تورکیا لە کۆتایی مانگی دوانزەدا لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆبوونەوە، لەو کاتەوە پارتەکە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکانی دیکەشدا کۆبووەتەوە و تاوتوێی پێشنیارەکەی ئۆجەلانییان کردووە، هەردوولاش دەڵێن گفتوگۆکان " ئەرێنی " بوون. دوو سەرچاوەی پارتی دەم بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە کە بڕیارە پارتەکە جارێکی دیکە لە 15 ی مانگی یەکدا لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە، ئۆجەلان لە ساڵی 1999 ەوە لە زینداندایە. پێشبینی دەکەن کۆبوونەوەکە پلانێکی بەرجەستەی لێبکەوێتەوە بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی. جێگری سەرۆکی پارتی دەم لە پەرلەمانی تورکیا گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت بە ڕۆیتەرزی وتووە " پێشبینی دەکەین لە کۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ ئۆجەلان پڕۆسەکە دروست ببێت و نەخشە ڕێگایەکی ڕوونیش دیاری بکرێت بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی." دیار نیە ئۆجەلان هەوڵی بە دەستهێنانی چی دەدات لە ڕێککەوتنێکدا، بەڵام پارتی دەم لە زاری ئۆجەلانەوە بڵاویکردەوە کە هەوڵی " گۆڕانێکی دیموکراسی " دەدات لە تورکیادا. کوردەکان لە مێژە داوای مافە سیاسیی و کلتورییەکانی خۆیان کردووە و داوای پشتیوانی ئابوورییان کردووە. دەمیش داوای ئازادکردنی ئۆجەلانی کردووە. بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە سوریا، هێزە کوردییەکانی سوریا ڕووبەڕووی هێرشی ئەو گروپە چەکدارییانە بوونەتەوە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریاش دۆستی تورکیان. تورکیا هۆشداریداوە و وتوویەتی هێرش دەکاتە سەر باکووری سوریا دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد ئەگەر چەکەکانییان دانەنێن. یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد هاوپەیمانی ئەمەریکان لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا. سەرکردەی هێزە کوردییەکانی سوریا پێشنیاری بۆ چەکدارە بیانییەکان کردووە بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانیشەوە کە سوریا جێبهێڵن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ تورکیادا، ئەوەش بە مەبەستی خۆ بەدوورگرتن لە ململانێی زیاتر لە سوریادا. کۆچیگیت وتی " ناتوانیت ڕووی چەکەکانت بکەیتە کوردەکان لە کۆبانی سوریا و باس لە پڕۆسەی ئاشتی بکەیت لە تورکیادا. پرسی کورد پرسێکی ئاڵۆزە. دەبێت نەک تەنها لە تورکیا بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تاوتوێ بکرێت." تورکیا دەبێت ئەوە قبووڵ بکات کە کوردەکان قسەی خۆیان هەیە لەسەر داهاتووی سوریا. عەبدوڵا گولەری پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا وتی " هەوڵی نیاز باشی هەمووانمان بینیوە لەم پڕۆسەیەدا." وتیشی ئامانجەکە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیە لەم ساڵدا. " پڕۆسەکەی بەردەممان دەبێتە هۆی پێشهاتێکی تەواو جیاواز کە هەرگیز پێشبینیمان نەکردووە." سەرکردەی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئۆزگور ئۆزێل وتی دەبێت کۆمسیۆنێکی پەرلەمان دابمەزرێندرێت کە سەرجەم پارتەکانی تێدا بێت و مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا بکات کە ڕووبەڕووی کوردەکان بوونەتەوە. کۆچیگیت وتی کلیلی دروستکردنی متمانە بە پڕۆسەی ئاشتی ئەوەیە کە ئەردۆغان خۆی پشتیوانی لەو پڕۆسەیە بکات. وتی " ڕاستەوخۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە خۆی بەشدارە لە پڕۆسەکەدا جیاوازییەکی زۆر گەورە دروست دەکات. ئەگەر ئەو بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی دەرببڕێت، ئەوا پشتیوانی کۆمەڵایەتی بە خێرایی زیاد دەبێت." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز