هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر سەنعای پایتەختی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-10 18:10:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

میدیاکانی یەمەن باس لە هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەکانی باکووری سەنعای پایتەختی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان دەکەن. کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرەی حوسییەکان بڵاویکردوەتەوە کە 12 هێرش لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاوە لە ناوچەی حەرف سوفیان ئەنجام دراوە.  ئەلمەسیرەی حوسییەکان هەروەها بڵاویکردووەتەوە کە هێرشەکان وێستگەی کارەبای حەزیزیان لە سەنعای پایتەخت کردووەتە ئامانج. حوسییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی باکووری یەمەنییان کردووە، بە سەنعای پایتەختیشەوە. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل،ئاڤیخای ئەدرەعی لە تۆڕی ئیکس سەبارەت بە هێرشەکان نووسیوێتی "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی بە ڕێنمایی دەزگای هەواڵگری و هێزی دەریایی هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی سەر بە ڕژێمی تیرۆریستی حوسی لە ناوچەی کەناری ڕۆژئاوا و قوڵایی ناو یەمەن." گوتەبێژی سوپای ئیسرئیل نووسیوێتی "لە نێو ئەو ئامانجانەی کە لە هەڵمەتەکاندا کراونەتە ئامانج، ژێرخانی وێستگەی کارەبای حەزیز بووە کە ژێرخانی کارەبای ناوەندی ڕژێمی تیرۆریستی حوسییەکانە کە لە چالاکییە سەربازییەکانیدا بەکاری دەهێنێت. هەروەها لە بەندەری ڕاس عیسا و بەندەری حودەیدە لە ناوچەی کەنارەکانی ڕۆژئاوای یەمەن هێرش کراوەتە سەر ژێرخانەکان." دەشڵێت "ئەو ئامانجانەی کە کراونەتە ئامانج، بەکارهێنانی سەربازییان لە لایەن ڕژێمی تیرۆریستی حوسییەوە دەسەلمێنن کە ژێرخانی مەدەنی لە یەمەن بۆ مەبەستی تیرۆریستی بەکاردەهێنن." لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای ئاسایشی ئامبری بەڕیتانیایی وتی هەواڵی پێگەیشتووە لەسەر هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەو ناوچانەی یەمەندا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندان، بە بەندەری ڕاس عیساشەوە کە تێرمیناڵی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی یەمەنە. حوسییەکان لە مانگی یانزەی ساڵی 2023 ەوە بەردەوام فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە و هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا، دەڵێن هێرشەکانییان وەکو دەرخستنی پشتیوانییەکن بۆ فەلەستینییەکانی غەززە. ئیسڕائیلیش لەلای خۆیەوە بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی حوسییەکانی داوەتەوە، بەڕیتانیا و ئەمەریکاش هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەندا. مانگی ڕابردوو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل لە سەرەتای هەڵمەتەکەیدایە دژی حوسییەکانی یەمەن. سەرچاوە/ بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە