جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "پێشکەوتنی ڕاستەقینە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەدیهاتووە." بایدن ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستادا تاکە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن گروپی توندڕەوی حەماسە. سەرۆکی ئەمەریکا وردەکارییەکانی لەسەر "بەربەستەکانی حەماس" نەخستەڕوو بەڵام وتی "پێموایە هێشتا دەتوانین بگەینە ئەو ڕێککەوتنە". ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا گرووپی حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن. هەروەها ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەلەستینییە ئاگادارەکان لە دانوستانەکانی دەوحە ڕاپۆرتی دا کە ناوبژیوانانی ئەمەریکایی و عەرەب لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، هەرچەندە ئەم ئاستە پێشکەوتنە هێشتا "بەس نییە" بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. هاوکات بەرپرسێکی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەوەی تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە بەو مانایە نییە کە دانوستانەکان بەرەو هیچ شوێنێک ناڕوات، بەو پێیەی ئەم وتووێژانە "جددیترین هەوڵ" بوون بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تا ئێستا. سەرچاوەیەکی دیکەی فەلەستینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە پێشکەوتنەکان بەدیهاتووە بەڵام ئیسرائیل پێداگری لەسەر "مەرجێکی نوێ" کردووە بۆ بەردەوامبوون لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری غەززە تا یەک کیلۆمەتر لە ناو کەرتی غەززە، ئەمەش توانای گەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان سنووردار دەکات. ئیسرائیل باسی مەرجێکی لەو شێوەیەی نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە "بە تەواوی پابەندە" بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان.