فەرەنسا ڕۆژی هەینی 10ی مانگی یەک سەبارەت بە پرسی هاووڵاتیانی فەرەنسا کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە "بە بارمتە" گیراون، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بانگهێشت کرد. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بە دوبارەکردنەوەی هۆشدارییەکانی ئەم دواییەی خۆی سەبارەت بە مەترسییەکانی سەفەرکردنی خەڵکی فەرەنسا بۆ ئێران، دۆخی هاووڵاتیانی فەرەنسا کە لە ئێران دەستبەسەرکراون بە قەبووڵ نەکراو ناوبرد و ڕایگەیاند بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەستبەسەرکردن بەبێ ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ "یەکسانە بە ئەشکەنجە." لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە لە ئێران دەستبەسەرن، بە "بارمتەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران" ناوزەد کرراون. سێسیل کۆهلەر چالاکی سەندیکای کرێکاری فەرەنسی و جاک پاری هاوسەری لە بەندیخانەی ئێڤین بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2022 وەوە زیندانی کراون. هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای دیداری ئەو دوو کەسە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری و مامۆستایان، هەردوویان دەستبەسەر کرد و دواتر بە "سیخوڕی" تۆمەتباریان کردن. پیاوێکی دیکە کە تەنیا بە ناوی یەکەمی "ئۆلیڤێر" ناسراوە، هاووڵاتییەکی دیکەی فەرەنسایە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێران زیندانی کراوە. سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 20هاووڵاتی ئەوروپی لە 10وڵاتەوە دەستبەسەر کراون و کە لە راستیدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراون. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دەیان هاووڵاتی بیانیان دەستگیرکردووە و بە شێوەیەکی سەرەکی تۆمەتی سیخوڕی و ئەمنیەتیان داوەتە پاڵیان. گرووپەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامییان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ڕێگەی ئەم دەستبەسەرکردنانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و ئیمتیازاتی سیاسی لە وڵاتانی دیکە دەدات. حکومەتی ئێران ئەمە ڕەتدەکاتەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز