داعش لە هێرشکردنە سەر مەزارگەی شیعەکان لە دیمەشق شکست دەهێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-11 19:05:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کاربەدەستانی هەواڵگری سوریا ڕایانگەیاند پلانێکی گرووپی تیرۆریستی داعشیان بۆ تەقاندنەوەی مەزارگەی سەیدە زەینەب لە دیمەشق پووچەڵ کردووەتەوە. ئەم مەزارگەیە کە بۆ شیعەکان گرنگییەکی ئایینی هەیە، هەروەها یەکێکە لە شوێنە بەناوبانگەکانی گەشتیارانی ئایینی لە سوریا.  دەزگای ڕاگەیاندنی سانای سوریا لە زاری بەرپرسێکی نەناسراوەوە لە دەزگای هەواڵگری گشتی بڵاویکردەوە ئەندامانی خانەیەکی داعش کە پلانی هێرشکردنییان داناوە دەستگیرکراون. دەشڵێت دەزگای هەواڵگری "سەرجەم تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی  خەڵکی سوریا بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەکاتە ئامانج." لە ڕابردوودا سەیدە زەینەب شوێنی هێرشکردنی داعش بووە بۆ سەر شیعەکان. لە ساڵی 2023 دا ماتۆڕێکی بۆمبڕێژکراو لە سەیدە زەینەب تەقییەوە، لانیکەم شەش کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، ئەوەش ڕۆژێک پێش ڕۆژی عاشوورای شیعەکان بوو. ڕاگەیاندنی پووچەڵکردنەوەی هێرشەکە وادیارە کە هەوڵێکی دیکەی فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا بێت بۆ دڵنیایی کردنەوەی کەمینە ئایینییەکان، کە بە شێوەیەک بیندراون کە پشتیوانی لە حکومەتەکەی پێشووی بەشار ئەسەد بکەن. سەرچاوە/ AP