فازڵ میرانی: ئەمساڵ کۆنگرەی پارتی دەکرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

زاخۆ - KDP.info -  سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لەبەر پەتای کۆرۆنا نەمانتوانیوە کۆنگرە بکەین، بەڵام کۆنگرەی پارتی ئەمساڵ دەکرێت.

فازڵ میرانی، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ دهۆک، سەردانی قەزای زاخۆی کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەوەی من دەیزانم کازمی پشتیوانیی ئەمەریکی و ئیرانی و خەلیجی و غەربی و شیعی و سوننی و کوردیی هەیە، ئەمەش شانسێکی باشە بۆ هەر سەرۆکوەزیرانێک، ئەوانەی پیشتر لەم پشتیوانییە بەهرەیان نەبوو، بەرنامە حکوومییەکەی بەرنامەیەکی گشتی و باشە و باسی هەرێمی کوردستانیش دەکات."

فازڵ میرانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا دەربارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گوتی: "ئێمە و یەکێتی شەریکی یەکترین لەم وڵاتەدا، ئێمە و یەکێتی ئینتفازەمان کردووە و پەرلەمانمان دروست کردووە، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە باش و خراپ، ئێمە دەڵێین باشمان کردووە. خەڵکانێکیش دەڵێن ئێوە باشتان کردووە، چونکە ئێوە شەریکی ئێمە بوون، هەندیک جاریش دەڵێن ئێوە خراپتان کردووە، چونکە ئەوان بووونەتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانیش ئازادن، بەڵام شتی باشمان کردووە، ئەوەی ئێستا پارتی و یەکێتی کردوویانە، یەکێک لە ئیمە نەیکردووە و ناتوانین ئەو ئیدیعایە بکەین. تەقاتوعی حزبی و جیاوازیی بیروڕا هەن، بەڵام شەراکەت هەڵناگیرێ (لەغو ناکرێ)، چونکە ئەم شەراکەتە بەرژەوەندیی ستراتیژیی بزاڤی ئازادیخوازی کورد و کوردستان لەسەر هەردوو حزب فەرزی دەکات و بەردەوامبوونی، تۆمارکردنی سەرفەرازیی میژووییی خۆیانە."

دەربارەی کۆنگرەی پارتیش، کە بڕیارە ئەمسال بکرێت، فازڵ میرانی گوتی: "ئێمە بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەمان داوە، بەڵام کۆرۆنا و ئەم پێشهاتە تازانە هاتنە پێش، تا ئێستاش موکڕین کە کۆنگرە لەم ساڵدا بکرێت، بەڵام کەی؟ ئیتحتیمالە ٣١ی ١٢ بێت و ئیحتمالیشە ٣٠ی ١٢ بێ، بەڵام کۆنگرە دەکرێت و کۆنگرە پێویستییەکە بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان بەهێز بکەین و خۆمان لەگەڵ پێشهاتە تازەکان بگونجێنین."

دەربارەی پیکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "کلد و ئاشووری و ئەرمن، پێکهاتەی ئەم وڵاتەن، ئەوان ئستیراد نین کە لە دەرەوە هاتبن.'

کاروان باعەدری