لە درێژەی هەواڵەکان سەبارەت بە چارەنووسی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند فەرەنسا لە ناوچەکە هیچ ڕۆڵێکی نییە و گوتی ئەنکەرە تەنها دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە دۆخی هێزە کوردییەکان. ئەمەریکاش هەوڵیداوە ڕێگری لە کردەوەی سەربازیی تورکیا بکات دژی هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا. فیدان پاریسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە چاوپۆشی لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنکەرە دەکات و بە گاڵتەجاڕیەوە داوای لە فەرەنسا کرد هاووڵاتیانی خۆی کە بەهۆی ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوەکان لە سووریا زیندانی کراون بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە. هەوڵی نێودەوڵەتی دراوە بۆ ڕازیکردنی تورکیای ئەندام لە ناتۆ هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک زیاتر نەکات، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هاوپەیمانی ئەمەریکان و ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا. زۆرێک لە ڕۆژئاوا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە هێزێکی گرنگ دادەنێن لە دوورخستنەوەی تیرۆریستاندا. بەڵام تورکیا بە هەڕەشەیەکی ئاسایشی سەیرییان دەکات بەهۆی ئەوەی کە دەڵێت گوایە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بۆ باکووری سوریا بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ کورددا، فیدان هەر جۆرە ڕۆڵێکی فەڕەنسای بە دوورزانی. فیدان لە ئیستەنبوڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمەریکا تاکە گفتوگۆکارمانە. بە ڕاستی ئێمە حیساب بۆ ئەو وڵاتانە ناکەین کە هەوڵ دەدەن لە ڕێی خۆشاردنەوە لە پشت ئەمەریکاوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سوریا بەرەوپێشەوە ببەن." هێزەکانی سوریای دیموکراتیک سەرپەرشتی دەیان زیندان دەکەن کە هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانییانی تێدا بەندکراوە. سەرچاوە/ فرانس پرێس