68 ڕێکخراو لە بەیاننامەیەکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-12 00:35:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

68 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و ژنان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن فشار بخەنە سەر حکومەتی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکوانی کوردی خەڵکی مەهاباد کە لە زیندانی ئیڤیندانە. لە بەیاننامەکەدا کە ڕۆژی شەممە11ی مانگی یەک بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان دەکەین بەپەلە ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی." واژۆکارانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانی عەزیزی هەر دەقە و ساتێک جێبەجێ بکرێت، نووسیویانە "ئەو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرگریکردن لە ژنانی لاواز و بەرەوپێشبردنی یەکسانی لە کۆمەڵگاکەیدا". ئەوان جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەسێدارەدانی پەخشان نەک هەر هێمای نادادپەروەرییەکە کە قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵکو کپ کردنی دەنگێکی ژیانه بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن. ئەو ڕێکخراوانە ڕایانگەیاندووە کە "بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان دژی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان شەرمەزارییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی" و داوای وەستاندنی "ئەم کارەساتە" دەکەن. بەشێک لەو ڕێکخراوانەی واژۆیان لەسەر ئەو بەیاننامەیە کردووە بریتین لە دامەزراوەی عەبدولڕەحمان برومەند، ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، کەمپەینی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە ئێران، ڕێکخراوی هاوار، هەڵمەتی جیهانی بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، تۆڕی جیهانی بۆ ئازادی ژیانی ژنان ، تۆڕی جیهانی بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی لە ئێران، کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە ئەشکەنجە، مافی مرۆڤ بۆ هەمووان لە ئێران، دامەزراوەی ئیسماعیل خویی، کوردپا، ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات، ڕاگرتنی توندوتیژی دژی ژنان و یەکگرتوویی بۆ ئێران. سەرچاوەکانی هەواڵ ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کردووە و برای ئەو زیندانییەش ڕایگەیاندووە سزای پەخشان ڕەوانە بەشی جێبەجێکردنی زیندانەکە کراوە. پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لەقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.