شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ( پارتی دەم ) ڕۆژی شەممە لە زینداندا لەگەڵ کەسایەتییەکی پێشەنگی بزووتنەوەی کوردەکاندا کۆبوونەوە، ئەمەش لە نوێترین هەنگاودا لە پڕۆسەیەکدا کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە ململانێ 40 ساڵەییەکەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا. سێ کەسایەتی باڵای پارتی دەم لەگەڵ هاوسەرۆکی پارتەکە سەڵاحەدین دەمیرتاشدا کۆبوونەوە، کە لە زیندانی ئیدیرنەی نزیک سنووری یۆنان زیندانی کراوە. دەمیرتاش لە ساڵی 2016 ەوە بە تۆمەتی تیرۆر لە زینداندایە، زۆرێک لە چاودێران، بە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاشەوە پێیان وایە زیندانیکردنی دەمیرتاش پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوە بووە. کۆبوونەوەکە لەگەڵ دەمیرتاشدا دوو هەفتە دوای ئەوە دێت کە ئەندامانی پارتی دەم لەگەڵ سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلاندا کۆبوونەوە. لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکە، دەمیرتاش داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد " سەنگ بخەنە سەر داهاتوویەکی هاوبەش بۆ هەمووان، هەموومان سەرکەوتوو دەبین." دەمیرتاش لە ساڵانی نێوان 2014 ەوە بۆ ساڵی 2018 سەرکردایەتی پارتی دەمی کرد، لەو کاتەدا پارتەکە بە پارتی دیموکراسی ناسراو بوو ( هەدەپە ) و هێشتا ناوبانگێکی زۆری هەیە لە نێو لایەنگرانیدا. دەمیرتاش وتی " سەرەڕای نیازە باشەکان، پێویستە هەنگاوە بەرجەستەکان بۆ دروستکردنی متمانە بە خێرایی بگیردرێنەبەر." یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی پارتی دەم، ئەحمەد تورک، وتی " باوەڕم وایە تورکەکان پێویستییان بە کوردە و کوردیش پێویستی بە تورکەکانە. هیوای ئێمە ئەوەیە کە تورکیا بگاتە خاڵێک کە تێیدا بتوانێت دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات." لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا دەڤڵەت باخچەلی سەرکردەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا کە هاوپەیمانی پارتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە، هەمووانی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک پێشنیاری ئەوەی کرد ئۆجەلان دەکرێت ئازاد بکرێت ئەگەر توندوتیژی ڕەت بکاتەوە و پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە. هەفتەیەک دواتر ئەردۆغان پشتیوانی بۆ پێشنیارەکەی باخچەلی دەربڕی، ئۆجەلانیش وتی ئامادەیە کار بۆ ئاشتی بکات. سەرچاوە/AP