لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم تاووتوێ ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی بارودۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و پرسى سووتاندنی ده‌غل و دانی جووتیارانی ئه‌و ناوچانه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2020/5/13، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێم لە پەرلەمانى كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی جوان یونس رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.

له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخى ناهەمواری ناوچە کوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و سەرهەڵدانه‌وه‌ی جموجۆڵى چەکدارانی داعش و پرسی سووتاندنی دەغڵ و دانی جووتیارانى ئه‌و ناوچانه‌ تاووتوێ كرا کە ڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی زۆر خراپ  دەڕوات و له‌و باره‌یه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونانه‌، به ‌پێویستی زانی بەزووترین کات ڕێگری له‌مجۆره‌ كارانه‌ بکرێت، هه‌روه‌ها داواشی كرد دانیشتنێکی تایبه‌تى پەرلەمانی بۆ ساز بکرێت بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکى گونجاو، بۆیە بەپێی ماددەی ٦٦ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانى كوردستان بڕگەی یەکەم لیژنه‌كه‌ نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.