یەکێک لە گەورەترین لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییە زانستییەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی خۆراک لەسەر تەندروستی دەڵێت بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی ڕێژەی کالیسیۆمیان بەرزە، وەکو خواردنەوەی ڕۆژانەی شیر، ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە. لێکۆڵینەوەکە لە لایەن 13 پسپۆڕی بەریتانی و ئەمەریکی و نیوزلەندی و بە پشتگیری ڕێکخراوی توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی پەیوەندییەکانی سروشت بڵاوکراوەتەوە. دەڵێت خواردنی 300 میلیگرام کالسیۆم لە ڕۆژێکدا کە هاوتایە لەگەڵ خواردنەوەی پەرداخێک شیر، ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بە ڕێژەی 17٪ کەمدەکاتەوە. کێرن پاپیەر، توێژەری شێرپەنجە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکە، ڕایگەیاند، "ئەمە گشتگیرترین لێکۆڵینەوەیە لەسەر پەیوەندی نێوان خۆراک و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کە هەتا ئێستا ئەنجامدرابێت، وە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی پارێزەری کالیسیۆم دژی گەشەکردنی ئەم نەخۆشییە." توێژەرەکە دەشڵێت، "هەندێک تێگەیشتنمان بۆ دروستبووە لەسەر ئەوەی بۆچی کالیسیۆم ئەم کاریگەرییەی هەیە. ئەگەری ئەوە خراوەتە ڕوو کالیسیۆم لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە دەمانپارێزێت لە ڕێگەی کارلێک و خۆگرێدانی لەگەڵ ترشەکانی جگەر و ترشە چەورییە سەربەخۆکان بۆ پێکهێنانی جۆرە 'سابونێکی بێ زیان،' بەمەش ڕێگرییان لێدەکات لە زیانگەیاندن بە ناوپۆشی ڕیخۆڵەکانمان." جگە لە شیر، بەرهەمە شیرییەکانی وەکو ماست و پەنیر، جۆرەکانی سەوزە و تۆوی کونجی و سۆیا و جۆرەکانی فاسۆلیا و بادەم و ماسی تونا بە سەرچاوەی گرنگی بەدەستهێنانی کالسیۆم دادەنرێن.