بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی: پێدەچێت جارێکی تر ئاستەنگ لەبەردەم هەمواری یاسای بودجە دروست ببێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-12 21:25:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وابڕیارە سبەی دووشەممە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستە زبرەکانی ئەم دواییەی هەرێم دژی حکومەتی ناوەندی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەربەست لەبەردەم هەمواری یاساکە دروستبکات، تێنەپەڕاندنی هەمواری یاساکەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا. کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سبەی خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای بوودجە دەکرێت، ئەگەر هەموارەکە قبوڵ نەکرێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد لە قۆناغێکی تردایە، حکومەتی هەرێم دەڵێی دەکشێینەوە و سیاسەتی حکومەتی ناوەندی سیاسەتێکی ستەمکارانەیە، واتە پەیوەندیەکان خراپن و گرژی هەیە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەبکەین یاساکە کێشەی بۆ درەست ببێت یاخود تێنەپەڕێت." وتیشی،" ئەگەر وابێت، ئەو کاتە کێشەی فرۆشتنی نەوت وەک خۆی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەرێم جۆرێک لە ئاسۆدەداتە هەرێم، چونکە پێدەچێت حکومەتی ناوەندی ئەوەندە نەڵێت هەر پارە دەنێرین و هەرێم داهاتمان ڕادەست ناکات، ئەوکاتە بۆ هەرێم کرانەوەیە." هەرچەندە ڕۆژی 5 ی مانگی 11 ی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی 11ی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجامبدرێت، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش هۆکارەگە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی،" هەندێ لایەن ڕەزامەند نەبوون کرێی فرۆشتنی بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم 16 دۆلار بێت و پێیان وابوو ئەوە غەدرە لە حکومەتی ناوەندی دەکرێت." کاروان یاروەیس وتی،" هەرچەندە پرۆژە یاساکە بە فلتەری ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەڕی بوو، وە زۆربەی لایەنە سیاسیەکان ئۆکەیان لەسەر کردبوو، وە دەبوو پێش دەستپێکردنی پشووی وەرزی یاسا دانان پرۆژە هەموارەکە تێپەڕێت، بەڵام کێشەی بۆ دروستکرا و ڕێگە بە تێپەڕاندنی نەدرا." وتیشی،" بەڵام پێم وایە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، وە ئەم بڕگەیە هەموار بکرێت و ئیرادەیەک هەیە پێی وایە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە بڕوات لە سۆمۆوە نەک شوێنی تر."