چالاکوانێکی مافەکانی ژنان لە زیندانێکی ئێران ئازاد کرا

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-13 16:55:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە وتی چالاکوانی مافەکانی ژنان ناهید تاغاڤی ئەڵمانیایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی، لە زیندانێکی ئێران ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەوەش دوای زیاتر لە 4 ساڵ زیندانیکردنی لە ئێراندا. ئازادکردنی تاغاڤی دوابەدوای نیگەرانییەکان بوو سەبارەت بە تەندروستی ژنە تەمەن 70 ساڵەکە و داواکانی گروپەکانی مافی مرۆڤ لە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر تاران لەسەر دۆسییەکە. تاغاڤی لە مانگی 10 ی ساڵی 2020 دا لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ تاران دەستگیرکرا و سزای 10 ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە تۆمەتی ئەوەی گوایە بەشدار بووە لە گروپێکی نایاسایی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت. ئامنستی وتی تۆمەتەکان ساختە بوون. گروپەکانی مافەکان دەڵێن تاغاڤی لە ماوەی زینداندا ئەشکەنجە دراوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا داندراوە. ئامنستی وتی چالاکەوانەکە ڕۆژی یەکشەممە بە پارێزراویی گەیشتووەتە ئەڵمانیا. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە ئێکس نوسیویەتی " ساتێکی مەزنی خۆشییە کە ناهید تاغاڤی دواجار دەتوانێت دووبارە بە خێزانەکەی شاد ببێتەوە." ئەڵمانیا لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە لەسەر زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕەگەزنامەی ئەڵمانیایی و ئێرانیان هەیە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، هەروەها ڕەخنەی لە تۆماری مافەکانی مرۆڤی ئێران گرتووە. لە مانگی 10 دا ئەڵمانیا باڵیۆزەکەی لە ئێران بانگکردەوە دوای ئەوەی ئێران جەمشید شارمەهدی ئەڵمانیایی - ئێرانی لە سێدارەدا. هەفتەی ڕابردوو ئێران ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵیایی سیسیلیا سالای ئازاد کرد، ئەوەش سێ هەفتە دوای ئەوەی لە تاران لە ماوەی گەشتێکی کاردا دەستبەسەرکرا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز