کۆشکی سپی دەڵێت بایدن لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ نەتانیاهو داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی کردووە لە غەززەدا

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-13 16:55:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کردووە، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئەمەریکا پەلە دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان پێش ئەوەی بایدن لە 20 ی مانگی یەکدا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو ببێت. کۆشکی سپی وتی بایدن و نەتانیاهو تاوتوێی هەوڵەکانییان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە لە غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە. وتی " بایدن جەختی لە پێویستییەکان کردووەتەوە بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەکان و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان." نەتانیاهو وتی بایدنی ئاگادار کردووەتەوە لە بەرەوپێشچوونەکان لە گفتوگۆکانی دەوحەدا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی بارمتەکان. کۆشکی سپی وتی دوو سەرۆکەکە تاوتوێی " هەلومەرجە گۆڕاوەکەی ناوچەکەیان کردووە دوابەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان و ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لە سوریا و لاوازبوونی دەسەڵاتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا." ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان پێشتر بە پڕۆگرامێکی سی ئێن ئێنی وت کە لایەنەکان " زۆر زۆر نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک " بەڵام هێشتا دەبێت بگەنە خاڵی کۆتایی. کۆشکی سپی وتی نەتانیاهو لە ماوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا سوپاسی بایدنی کردووە لەسەر پشتیوانییە درێژخایەنەکەی بۆ ئیسڕائیل و " پشتیوانییە سەرسوڕهێنەرەکەی ئەمەریکا بۆ ئاسایش و بەرگری نیشتیمانی ئیسڕائیل." لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتییان لەو هێرشەدا 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. ئەو هێرشەی حەماسیش بووە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل و هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 46,000 فەلەستینی لە غەززە کوژراون، زۆربەی غەززە وێران بووە و ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی مرۆیی بووەتەوە، زۆربەی دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون. جێگری هەڵبژێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس بە پڕۆگرامێکی کەناڵی فۆکس نیوزی وت کە پێشبینی ڕێککەوتنێکی ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دوایین ڕۆژەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی پشتیوانکاری سەرسەختی ئیسڕائیل، بە تەواوەتی پشتگیری لە ئامانجەکەی نەتانیاهو کردووە بۆ لە ناوبردنی حەماس. بەڵێنیداوە ئاشتی بهێنێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە چۆن ئەو کارە دەکات. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز