نێرینەی مێشولەی میوە بە چەند ڕێگایەکی جیاواز وەک شوێنکەوتن و دەردانی فۆرمۆن و قاچ لێدان و جوڵەی باڵەکان و "گۆرانی چڕین" هەوڵدەدات سەرنجی مێینە بۆ کرداری جووتبوون ڕابکێشێت. بەڵام ئەگەر هیچ لە ڕێگاکان سەرنەگرن و ئامانجەکەی نەپێکێت، زانایان دەڵێن ئەوکات نێرینەکە لە داخا پەنا دەباتە بەر خواردنەوەی ڕێژەیەکی بەرزی کحول. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەمبارەوە دەڵێت مادەیەکی کیمیایی بە ناوی نیرۆپێپتاید F یان (NPF) کە ڕەفتاری مێشولە ڕێکدەخات بەرپرسارە لەم دیاردەیە. دەریخستووە خواردنەوەی کحول مێشکی مێشولەکە دەوروژێنێت و "پاداشتی" دەداتەوە، هاوشێوەی کاریگەری "پاداشتی" جووتبوون لەسەر مێشک. لێکۆڵەران لە زانکۆی کالیفۆڕنیا و زانکۆی سانفرانسیسکۆ و پەیمانگای هاوەرد هەگس ئەوەیان تۆمارکردووە کە ئەو مێشولە نێرانەی لەلایەن مێینەکانەوە ڕەتکراونەتەوە، ڕێژەی مادەی (NPF) لە مێشکیان نزم دەبێت و بۆ پڕکردنەوەی پەنا دەبەنە بەر حکول. لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکان، چەند مێشوولەیەکی نێریان خستووەتە ناو سندوقێک کە 5 مێشوولەی مێیەی "پاکیزەی" تێدابووە کرداری جووتبوون بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە. لە سندوقێکی تردا مێشوولەی نێر لەگەڵ ئەو مێیانە تێکەڵ کراون کە پێشتر کرداری جووتبوونیان ئەنجامدابوو و، بەو هۆیەوە، نێرەکانیان ڕەتکردووەتەوە. دواتر نێرینەکان لە هەردوو سندوقەکان دەرهێندراون و شیلەیەکیان خراوەتە بەردەم کە ڕێژەی حکول تێیدا 15٪ بووە. دەرکەوتووە ئەو نێرانەی لە تاقیکردنەوەکەدا کرداری جووتبوونیان ئەنجامداوە بەلای حکولەکەدا نەچوون، لە کاتێکدا ئەو مێشولە نێرانەی لەلایەن مێیەکانەوە ڕەتکرابوونەوە، دەستیان کردووە بە نۆشینی شیلە حکولییەکە. لە تاقیکردنەوەکی تردا هەستاون بە ڕێگای دەستکرد ڕێژەی مادەی کیمایی (NPF) بۆ مێشکی ئەو مێشوولانە زیادبکەن کە لەلایەن مێینەکانەوە ڕەتکراونەتەوە. دەڵێن لە ئەنجامی زیادکردنی مادەکەدا، مێشوولەکان خۆیان لە خواردنەوەی حکول پاراستووە. شارەزایان هیواخوازن بەم ڵێکۆڵینەوەیە باشتر لە هۆکارەکانی ئاڵودەبوونی مرۆڤ بە ماددە هۆشبەرەکان تێبگەن. دەڵێن مێشکی مرۆڤ مادەیەکی کیمیایی هاوشێوەی هەیە بە ناوی نیرۆپێپتاید Y یان (NPY) و شیانی هەیە هاوشێوەی مێشکی مێشولە کاردانەوەی هەبێت بۆ مادە هۆشبەرەکان.