ساختەکارێک خۆی وەک براد پیت بە ژنێک دەناسێنێت و 850 هەزار دۆلاری لێدەسێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-15 18:55:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ژنێکی خەڵکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد باندێکی ساختەکاری لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕووخسار و ناوی براد پیت، ئەستێرەی هاڵیوودەوە فریویان داوە و و 850 هەزار دۆلاریان لێوەرگرتووە. دوای ئاشکراکردنی بابەتەکە، ئەو ژنە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هەراسانکردن و گاڵتەجاڕی ئۆنلاین بووەوە و هەر بۆیەش داوای کرد چاوپێکەوتنەکەی لە میدیاکان بسڕێتەوە. ئەو ژنە کە میدیاکان بە ناوی "ئانە" ناویان بردووە، لە بەرنامەیەکی کەناڵی TF1ی فەرەنسیدا باسی لەوە کردووە کە چۆن فێڵبازەکان قەناعەتیان پێکردووە کە براد پیتن و لە پەیوەندی سۆزداریدایە لەگەڵی و دواتر لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە و بە بڕی 830 هەزار یۆرۆی پێداون. فێڵبازەکان بە بەکارهێنانی ئەکاونتی ساختەی سۆشیال میدیا و واتسئاپ و هەروەها تەکنەلۆژیای درووستکردنی وێنەی زیرەکی دەستکرد، سێڵفی و نامەیان لە ژێر ناوی براد پیت بۆ ئانە ناردووە. پاشان وا خۆیان نیشان داوە کە ئەستێرەی تەمەن 61 ساڵانی هاڵیوود بۆ چارەسەری نەخۆشی گورچیلە پێویستی بە پارەیە و بە ئانەیان وتووە کە ئەکاونتەکانی براد پیت بەهۆی ڕێوشوێنی جیابوونەوە لەگەڵ ئەنجلینا جولی هاوسەری پێشووی، ڕاگیراون. ئانە دیزاینەرێکی تەمەن 53 ساڵە و کێشەی تەندروستی دەروونی هەیە، ئەو زیاتر لە ساڵ و نیوێکە پێیوابووە لەگەڵ براد پیتدا پەیوەندی هەیە و ئەو کاتەش تێگەیشتووە فریودراوە کە براد پیتی ڕاستەقینە کچە هاوڕێ نوێکەی بە ناوی ئینس دی ڕامۆن بە میدیاکان ناساندووە. ئانە پاشان بڕیاریدا لە ڕێگەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییەوە چیرۆکەکەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا باس بکات. ئەم چاوپێکەوتنە کە ڕۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە پەخشکرا وێنەی تایبەتی و خێزانی ئانەی تێدابوو، بە خێرایی لە سۆشیال میدیادا بڵاو بوویەوە و شەپۆلێکی کۆمێنت و گاڵتەجاڕی لەگەڵ خۆیدا هێنا. هەندێک لە ڕەخنەگران TF1یان بە کەمتەرخەمی تۆمەتبار کردووە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە تاکێکی لاواز بپارێزێت و ئاگاداری دەرئەنجامەکانی چاوپێکەوتنەکەی نەبووە. هاری ڕۆسلێمێک پێشکەشکاری بەرنامەی TF1 ڕۆژی سێشەممە لە ئەکاونتی X ی خۆیدا نووسیویەتی "بۆ پاراستنی قوربانییەکان بڕیارمانداوە ئەم چاوپێکەوتنە لە هەموو پلاتفۆرمەکانمان لاببەین". فریودانی خەڵک لە ژێر ناو و کارر ڕۆمانسیدا، باوترین جۆری فێڵی ئینتەرنێتە و زیاتر کەسانی بەتەمەن دەکەنە ئامانج. لە کاتێکدا بۆ زۆر کەس بەڵگەی بینراو هەمیشە جێی متمانەترین ڕێگایە بۆ ڕازیکردنی کەسانی دیکە، بەڵام پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی وەک زیرەکی دەستکرد زۆر ئاسانکارییان کردووە بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختەی قەناعەت پێکەر.   سەرچاوە/فرانس 24