ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دانوستانکاران ڕۆژی چوارشەممە،15ی مانگی یک لە قەتەر نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شەڕی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و گرووپی چەکداری حەماس دوای 15 مانگ لە شەڕ. بەرپرسێکی فەلەستینی کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "حەماس لە کاتی دانوستانەکانی قەتەر بە شێوەی زارەکی بۆ پێشنیاری ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان ڕەزامەندی دەربڕیوە و چاوەڕێی زانیاری زیاترە بۆ ئەوەی کارەکە کۆتایی پێبدات". هاوکات بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕایگەیاندووە تا ئێستا ئەو گرووپە بە شیوەی فەرمی و نووسین وەڵامی پێشنیازەکانیان بۆ ئاگربەست نەداوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە دەوحە ئەو شوێنەی کە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە تێیدا بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازدەکەن، بەڵام بە وردی کاتی دەستپێکردنی ئەو کۆنگرەیەی دیاری نەکردووە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیارە محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان قسە بکات. ڕۆیتەرز نووسیوێتی بەرپرسێکی ئیسرائیلی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە حەماس ڕازی بووە بەو پێشنیازەی کە لەلایەن دانوستانکارانی قەتەرەوە پێشکەش کراوە. دواتر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حەماس هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی وڵاتانی نێوەندگیری؛ قەتەر، میسر و ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس، ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاندووە نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس و هەروەها زیندانیانی فەلەستینی لە ئیسرائیل. بەرپرسێکی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکان ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "هیوادارم ڕێککەوتنەکە ئەمشەو (چوارشەممە) یان دواجار سبەی (پێنجشەممە) واژۆ بکرێت. بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس درەنگانی ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە تا ئێستا ئەو گرووپە وەڵامی خۆیان نەداوەتەوە، چونکە چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئیسرائیل پلانێک پێشکەش بکات کە نیشانی بدات هێزەکانیان چۆن لە غەززە دەکشێنەوە. لە میانەی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل لە7ی مانگی دەی ساڵی 2023 لە لایەن حەماسەوە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، 1200 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە کە بەساڵاچوو و ژن و منداڵیشیان تێدایە وەک بارمتە بردران بۆ غەززە. دوابەدوای ئەو هێرشە تیرۆریستییە، ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتە ڕفێنراوەکان، لەشکرکێشی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد. بەپێی خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل تا ئێستا 94 بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن و لانیکەم 34 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئەمەریکا، یەکێتی ئەورووپا، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵات و دامودەزگای نێودەوڵەتی دیکە، حەماس بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن. سەرچاوە/رۆیتەرز