نێوندگیران بۆ پرسی ئاگربەستی غەززە ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی یەک ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست. ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕی وێرانکەری 15 مانگەی کەرتی غەززە و پێدەچێت کۆتایی بە کوشندەترین ململانێی نێوان هەردوو لایەنی حەماس و ئیسرائیل بهێنێت. سەرچاوەیەک کە بەهۆی هەستیاری دانوستانەکانەوە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دوای کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەگەڵ دانوستانکارانی بزووتنەوەی حەماس و بەجیا لەگەڵ دانوستانکارانی ئیسرائیل بووە لە ئۆفیسەکەیدا." ئێوارەی رۆژی دووشەممە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هەوڵیکی زۆر دەدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن." دەقی ئەم ڕێککەوتنە بە نێوەندگیری ئەمەریکا، قەتەر و میسر داڕێژراوە و نوێنەرانی هەردوو ئیدارەی ئێستا و داهاتووی ئەمەریکا لە دانوستانەکانی دەوحە ئامادەبوون. دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاش ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکدا نووسیویەتی ڕێککەوتنەکە کراوە و بڕیارە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن. ئەم ڕێککەوتنە کە دوای چەند هەفتەیەک دانوستانی سەخت لە پایتەختی قەتەر ئەنجامدراوە، ئازادکردنی دەیان بارمتەی حەماس بە قۆناغ بە قۆناغ مسۆگەر دەکات و هەروەها ئازادکردنی سەدان بەندکراوی فەلەستینی لە ئیسرائیلیش دەگرێتەوە. ڕێککەوتنەکە ڕێگە دەدات بە سەدان هەزار فەلەستینی ئاوارە لە غەززە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە لە ماڵەکانیان ماوەتەوە و هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییە گرنگەکان بۆ ناوچە وێرانبووەکە. سەرچاوە/فرانس پرێس