بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، ئەو سێ کەسە (قاچاغچیە)ی لەسەر دۆسیەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکراون، خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕینن و تەمەنیان لە نێوان سی بۆ چل ساڵیدایە، دەشڵێت، تەنها لە ساڵی 2024 دا بیست و حەوت بارزگانمان دەستگیرکردووە کە بازرگانیان بە مرۆڤەوە کردووە و ڕووبەڕووی یاسامان کردوونەتەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕینن، بەشێک بوون لە گرووپی تاوانکارانی قاچاخچی جیهانی و لەگەڵ گروپی (ئامانج حسن زادە) کە بازرگانێکی کورد بوو لە بەریتانیا دەستگیرکرا پەیوەندیان هەبووە، لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە کۆچبەرانیان گواستووەتەوە بە تایبەت بۆ بەریتانیا." دەشڵێت،" ئەو سێ کەسە یەکێکیان تەمەنی 38 ساڵ، ئەوەی تر نزیکی 40 ساڵ و سێیەمیشیان 32 ساڵە، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێدەچێت لە ساڵانی 2021 بەدواوە خەریکی ئەم کارەبووبێتن." شەوی ڕابردوو 14ی مانگی 1 دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ قاچاخچی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشدا هاتووە،" لە ئۆپراسیۆنێکدا لەرۆژانی 8بۆ12ی 1ی 2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/هەولێر و ئاژانسی تاوانی نیشتمانی بەریتانیا،لەشاری سلێمانی و دەوروبەری بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای پڕۆسەیەکی فراوانی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وورد تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە پێکهاتبوون لە ( ٣ ) ئەندام خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون دەستگیرکرد، بە ڕێگەی نایاسایی کۆچبەریان گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا." هەروەها دەڵێت،" لەئێستادا تەواوی ئەندامانی تۆڕەکە بە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤ دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە." بە پێی وتەی دەزگای ئاسایش، ئەو سێ کەسە ئەرکی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ، کە یەکێکیان مامەڵەی دارایی بۆ تۆڕەکە کردووە، یەکێکی تریشیان ڕۆڵی نیوەندگیری (دەڵاڵ) بینیوە لە نێوان هاوڵاتیان و تۆڕەکە دا و دوای ئەوەی بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون لە دادگاکانی هەرێم لە ماوەکانی داهاتوودا دادگایی دەکرێن. پرسی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە یەکێکە لەو تاوانەی سزای یاسایی لەسەرە لە جیهاندا، لە هەرێمی کوردستانیشدا بە پێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2018 ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە بکەن سزا دەدرێن، کە سزاکانیان لە نێوان زیندانی هەتا هەتایی تا سزادان بە پارە دەگرێتەوە. عەقید سەلام دەڵێت،" پرسێکی تر هەیە کە هەر بازرگانیە بە مرۆڤەوە و هێنانی هاووڵاتیانی دەرەکیە بە ڕێگەی قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان، بەم هۆیەشەوە تەنها لە ساڵی 2024دا 27 قاچاخچیمان دەستگیرکردووە و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە کە یەکێک لەوانە دوو پشک بووە." (دوو پشک یەکێک بوو لە قاچاخچیە گەورەکان و ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە دەستگیرکرا).