سەرۆککۆماری تورکیا هۆشدار دەداتە ئیسرائیل بە زووترین کات هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەڵێت ئەگەر ئیسرائیل ئەوە نەکات "دەرئەنجامی نەخوازراو بۆ هەموو لایەک" دێتە ئاراوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە سەرەڕای ئەم وتانە، وتیشی "بوونی پارتی بەعس لە دەسەڵات لە سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕژێمی ئەسەد ڕێگە بە تاقمە تیرۆریستییەکان بدات لەم وڵاتەدا بوونیان فراوانتر بێت." ئەردۆغان هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەنکەرە لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادات ئاژاوەگێڕی لە سوریا حوکم بکات. سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کردەوەی شەڕانگێزی هەموو ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر خاکی سوریا و بەتایبەت ئیسرائیل "بە زووترین کات" کۆتایی پێبێت. هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، "دەرئەنجامە نەخوازراوەکان بۆ هەموو لایەنەکان" دەبێت. ئەردۆغان وتی "یەکینەکانی پاراستنی گەل کە سامانە سروشتییەکانی سووریا تاڵان دەکەن، دەبێ چەکەکانیان دابنێن." سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ناوچەی پارێزراو لە دیوی سنووری سوریا و پێگە ستراتژیکەکانی ئەودیو، "ڕێکارێکی بەرگری و کاتی"یە کە لە دۆخی ئێستای سوریادا لەبەرچاو گیراوە. بەڵام دیار نییە ئەم ڕێوشوێنە کاتییە تا چەند بەردەوام دەبێت و ئەکتەرە ناوچەییەکان ترسیان لە پلانە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل هەیە بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی نوێ لەو ناوچەیە. لە لایەکی دیکەوە ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە تورکیاش هێزەکانی خۆی لە باکوری سوریا جێگیر کردووە و هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی سەربازیی زیاتر دەکات. ئەردۆغان دەڵێت تورکیا توانای لەناوبردنی هەموو "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم وڵاتە"ی هەیە، لە نێویاندا هێزە کوردییەکان. سەرۆکی تورکیا لە وتارەکەیدا بۆ پەرلەمانی تورکیا هەروەها ڕایگەیاندووە کە "یەکینەکانی پاراستنی گەل ئێستا گەورەترین کێشەیە لە سوریا دوای لەکارلابردنی بەشار ئەسەد". سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "هێزە کوردییەکان نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سوریایان داگیرکردووە." ئەنکەرە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئەو هێزە کوردانەی کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، دەستپێدەکات. سەرچاوە/تایمزی ئیسرائیل/ئاژانسی ئانادۆڵو