جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی یەک لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەکان وتی "ڕێککەتنەکە ئەنجامی دیپلۆماسیەتی بەردەوام و وردی ئەمەریکا" و هەروەها "فشارە توندەکان بۆسەر حەماس" و "گۆڕانکاری هاوکێشە ناوچەییەکان دوای ئاگربەست لە لوبنان و لاوازبوونی ڕژێمی ئێران بووە." بایدن لە بەیاننامەکەیدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردۆتەوە، نووسیویەتی "ئەمڕۆ دوای چەند مانگێک لە دیپلۆماسی چڕوپڕ لەلایەن ئەمەریکاوە، هاوشانی میسر و قەتەر، ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان." بایدن وتیشی "ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ لە غەززە و یارمەتی مرۆیی زۆر پێویست دەگەیەنێتە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی و هەروەها بارمتەکان دوای زیاتر لە 15 مانگ لە دیل بوون دەگەڕێنێتەوە بۆلای بنەماڵەکانیان." سەرۆکی ئەمەریکا وتی "من وردەکاری وردی ئەم پلانەم لە 31ی مانگی پێنجی ساڵی 2024 خستەڕوو. دوای ئەوەش بە کۆی دەنگ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا. هەوڵە دیپلۆماسییەکانم هەرگیز نەوەستان بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن." بایدن وتی "ئەو خێزانانەمان لەبیرە کە لە هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ئازیزەکانیان کوژران، هەروەها ئەو کەسە زۆرە بێتاوانانەی کە لە شەڕی دواتردا گیانیان لەدەستدا و وتیشی "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە شەڕەکە کۆتایی پێبێت و هەوڵەکان بۆ ئاشتی و ئاسایش دەست پێبکەین." سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەو خێزانە ئەمەریکاییانە کرد کە سێیان بارمتەیان لە غەززە هەیە و چواریان چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمی ئازیزەکانیانن و ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئەم ڕێککەوتنە، ئێمە بڕیارمان داوە هەموویان بگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە." بایدن ڕایگەیاند کە بەم زووانە قسەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەکات و نووسیویەتی "دڵخۆشم کە ئەوانەی بارمتە بوون دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان". جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە ڕوودەدات. ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر بنەمای ئەم ئاگربەستە، فەلەستینییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەموو گەڕەکەکانی غەززە. بە گوتەی سەرۆکی ئەمەریکا، بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە بە مەرجی بەردەوامبوونی دانوستانەکانە و ئیسرائیلیش لە شەش هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی داهاتووی ئاگربەست ئەنجام دەدات. جۆو بایدن وتی "ئەم ڕێککەوتنە کە لە ئیدارەکەیدا پێکهێنراوە، لەلایەن تیمی دانۆڵد رامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە جێبەجێ دەکرێت."