زانایانی گەردوونناسی دەڵێن وێنەی چەند "خاڵێکی بچووکی سور" کە لە لایەن تێلسکۆپی جەیمس وێبەوە تۆمارکراون شیانی هەیە بریتی بێت لە دیمەنی سەرەتای دروستبوونی کونە ڕەشە مەزنەکان و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ملیارێک و 500 ملیۆن ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکە. تێلسکۆپی جەیمس وێب کە بە بەهای 10 ملیار دۆلار لە لایەن دەزگای واڵایی ئەمەریکا (ناسا) بەرهەمهێندراوە، ئیستا نزیکەی ملیۆنێک و 610 هەزار کیلۆمەتر دوورە لە هەسارەی زەویەوە. کۆتایی ساڵی 2022 تێلسکۆپەکە چەند دیمەنێکی ناردەوە بۆ زەوی کە پێکهاتبوون لە چەند خاڵێکی بچووکی سور و بوونە جێی سەرنجی گەردوونناسان. بە گوێرەی ئاژانسی ناسا، دیمەنەکانی "خاڵە سورە بچووکەکان" دەرفەرتیان بە ئێمە داوە قۆناغەکانی سەرەتای درووستبوونی ئەم گەردوونە ببینین، بەو پێیەی ڕووناکی دیمەنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ملیارێک و 500 ساڵ دوای تەقینەوە مەزنەکە بەڵام چەندین ملیار ساڵی بڕیوە بەرلەوەی تێلسکۆپی جەیمس وێب تۆماری بکات. لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی گەردوونناسانی ئەمەریکا کە ئەم هەفتەیە لە ویلایەتی مەریلاند بەڕێوەدەچێت، گەردونناسان ڕایانگەیاند سەدان نموونەیان لە خاڵە بچووکە سورەکان کۆکردووەتەوە. دوای شیکاری ورد، دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە وێنەکان چەند نیشانەیەکیان تێدا بووە کە ئاماژەن بە دروستبوونی کونە ڕەشی مەزن. هەروەها دەڵێن ڕێژەی 70٪ لەو خاڵە بچووکە سورانە کە تۆمارکراون بەڵگەی هەبوونی گازیان تێدایە کە بە خێرایی هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەخولێنەوە؛ ئەمەش بریتییە لە بەڵگەی هەبوونی پێکهاتەیەکی خولاوەی شێوە دیسکی بە دەوری کونە ڕەشی مەزندا. زانای فیزیای ئەستێرەیی دەیڵ کۆڤێچکی کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکە، بۆ ئێن پی ئاڕ ڕاگەیاند، "لە بنەڕەتدا هەموو خاڵە بچووکە سورەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کاتەی کە گەردوون تەمەنی ملیارێک ساڵ یان کەمتر بووە و دواتر کوژاونەتەوە...ئەگەریش هەیە ئەوەی دەیبینین بریتی بێت لە پرۆسەی سەرەتای درووستبوونی کرۆکی گەلەئەستێرە مەزنەکانی ئێستا." تیۆری تەقینەوە گەورەکە بە شێوەیەکی فراوان وەک پێناسەی دروستبوونی ئەم گەردوونەمان پەسەندکراوە، دەڵێت گەردوونی پەیپێبراو نزیکەی 13 ملیار و 800 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە دۆخێکی سەرەتایی زۆر چڕ و گەرمەوە دەستیپێکردووە. بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی ئێستا بێت گەردوونی پەی پێبراو، کە تەختە، تیرەی قەبارەکەی بریتییە لە 94 ملیار ساڵی ڕووناکی؛ بەو واتایەی هەر خاڵێکی گەردوون لە ئێمە 47 ملیار ساڵی ڕووناکی لە ئێمەوە دوورە. خێرایی ڕووناکی بریتییە لە 300 هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا. بە پشتبەستن بە تۆمارەکانی هەبوونی مادە تیشکدەرەکان لە پێکهاتەی بەردەکاندا، زاناکان دەڵێن تەمەنی گەردوون نزیکەی 9 ملیار و 200 ملیۆن ساڵ بووە ئەو کاتەی هەسارەی زەوی پێکهاتووە. زانایان دەشڵێن ژیان لە سەر زەوی نزیکەی 3 ملیار و 800 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ڕێژەی کەوتنەخوارەوەی بەردەکانی واڵایی و چالاکی گڕکانەکانی زەوی بۆ ئاستێکی بەرچاو کەمبووەوە.