کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە یەکەم سەردانی بۆ سوریا داوای "ئاشتەوایی نیشتمانی" دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-16 17:40:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڤۆڵکێر تورک کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی یەک لە سەردانێکدا بۆ سوریا داوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە سووریا کرد بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بەرامبەر بەو تاوانانەی کە لە ماوەی پێنج دەیەی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد ئەنجامدراون. بەشار ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا لە هێرشی چەکداران بە سەرکردایەتی هێزەکانی تەحریری شام ڕوخێنرا و کۆتایی بە دەسەڵاتی 54 ساڵەی بنەماڵەکەی هێنرا و هیواکانی بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکان بەرزکردەوە کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی زیاتر لە 13 ساڵەی سوریا ئەنجامدراون. ڤۆڵکێر تورک لە یەکەم سەردانیدا بۆ دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا و بەشێک لە قوربانیانی تاوانەکانی جەنگ کۆبووەوە. تورک لە دیمەشق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دادپەروەری ئینتقالی بۆ پێشکەوتنی سوریا زۆر گرنگە. تۆڵەکردنەوە و کینە هەرگیز چارەسەر نین. لەبری ئەوە، دەبێت پرۆسەیەکی تەواو نیشتمانی و چارەسەرساز کە لەسەر بنەمای ڕاستییەکان و ئاشتەوایی دامەزراوە، ئەنجام بدرێت." وتیشی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەبێت چارەسەری "هەڵەکانی ڕابردوو بکات کە لە پێنج دەیەی ڕابردوودا لەلایەن هەموو لایەنەکانی سوریاوە ئەنجامدراون. ئەو سەردەمەی کە ئەسەد و پێش ئەو حافزی باوکی حوکمڕانی سوریایان دەکرد." تورک ڕایگەیاند نووسینگەکەی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ساڵی 2019ەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تاوانەکانی بەڵگەنامە کردووە و لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکار دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە. ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا بەشێک لە سورییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان بەهۆی ئەوەی کە مافی خاوەندارێتییان بەسەر موڵک و ماڵەکانیان تێکدراوە، هەروەها جەختی لەوەشکردووەتەوە "قەبارەی تاوانە ترسناکەکان بەڕاستی لە دەرەوەی خەیاڵدایە". تورک ئاماژەی بەوەشکرد "قسەی ئەرێنی" لە حکومەتی نوێی سوریا بیستووە و ئەلشەرع دڵنیای کردووەتەوە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت. کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی " سزا کەرتییەکان"ی دژی سوریا کرد و گوتی ئەم سزایانە کاریگەری لەسەر هەموو سوریاییەکان داناوە. سەرچاوە/ڕۆیتەرز