د. محەمەد: حكوومەت دەستی بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 180 شار كردووە

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شارانەی كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەكرا، كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان نزیكەی 180 شارن.

د. محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دابینكردنی خزمەتگوزاری كردووە بۆ نزیكەی 180شار لە هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بۆیان دابین دەكرا و حكوومەت بۆ ئەوەی باریان سوك بێت، بڕیاری داوە خۆی دەست پێبكات، لە ئێستاشدا پرۆسەكە دەستی پێكردووە و بەردەوامیش دەبێت تا خزمەتگوزاری بۆ هەموو شارەكان دابین دەكرێت، وەكو ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریی شارەوانی ئەوەی حكوومەت لە توانایدا هەبێت".

شوكری گوتیشی: "رێكخستنێكی گشتی بۆ ئەو شارانە دەكرێت و پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا هەموو پارێزگاكان كاری خۆیان تەواو بكەن".

دەشڵێ: "هەر شارێك تەواو بێت، حكوومەت خۆی خزمەتگوزاری بۆ دابین دەكات، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە باخچە و سیكیورتییەوە هەیە، ئەوە خۆیان دابینی دەكەن، ئەمەش هەم بۆ حكوومەت و هەمیش بۆ هاووڵاتی قازانجە، چونكە دەبێتە داهات بۆ حكوومەت و بۆ هاووڵاتیانیش باریان سوك دەبێت".

 

بڵند ئیبراهیم