بابكەیی: پەرلەمان چاودێریی ھەنگاوەكان دەكات.. كۆتایی بە فرەمووچەیی دێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، ھاووڵاتیان بەرھەمی چاكسازی دەبینن و كۆتایی بە دیاردەی فرەمووچەیی دێت، بۆ ئەوەی یەكسانی بەرقەرار بێت.

رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یاسای چاكسازی كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوانەش وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكوومەت و یەكخستنی خانەنشینی و دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی یەكگرتوو، واتە خانەنشینیی سەربازی و شارستانی یەك دەخرێت و دەچێتە چوارچێوەی خانەشینیی گشتی و سەر بە حكوومەت".

پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "تا عەدالەت بەرقەرار بێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆتایی بە فرەمووچەیی دێنێت و ھەر كەسێك تەنیا یەك مووچەی پێدەدرێت، ئەوانەیشی شایستە نین، مووچەكانیان دەبڕدرێت، بۆ نموونە ئەوانەی شەھید نەبوونە و خراونەتە لیستی شەھیدانەوە، مووچەیان پێنادرێت".

رێبوار بابكەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پەرلەمانی كوردستان چاودێریی ھەنگاوەكانی حكوومەت دەكات بۆ جێبەجێكردنی یاساكان، لیژنە تایبەتمەندەكانیش چاودێریی چڕی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن، تا وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".

 

قائید میرۆ