عەمید ئیدریس: لە كەركووك كارێكی مەترسیدار ئەنجام دەدرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك دەڵێ، لە كەركووك كارێكی مەترسیدار ئەنجام دەدرێت و هۆزە عەرەبەكان هاوشێوەی سەردەمی مالیكی و پێش هاتنی داعش، پڕچەك دەكرێن، ئەمەش پێچەوانەی هەموو كارێكی دەوڵەتدارییە و ناكرێت رێگە بە هۆزەكان بدرێت چەك هەڵبگرن.

عەمید ئیدریس رەفعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چەند رۆژێكە لە سنووری حەویجە ورەشاد و عەباسی رێگە بە هۆزە عەرەبەكان دراوە چەكدار بكرێن و چەكیشیان پێ دراوە، بە تایبەت هۆزەكانی جبوور و عوبێد و ئەركیان پێ سپێردراوە كە كاری گەڕان و پشكنین بە دوای داعشدا بكەن، ئەمەش پێچەوانەی هەموو كارێكی دەوڵەتدارییە و ناكرێت رێگە بە هۆزەكان بدرێت پڕچەك بكرێن، چونكە ئەمانە دەبنە مەترسی و هەر كاتێك بەهێز بوون و خۆیان رێك خستەوە، ڕووبەڕووی حكوومەت دەبنەوە و هێرشی سەر كەركووك دەكەنەوە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك گوتیشی: "چوار هۆز تا ئێستا پڕچەك كراون و ئەمەش دژی رێنماییەكانە، كە پێش ساڵی 2014 و لە سەردەمی حكوومەتی نووری مالیكیشدا، هۆزەكان پڕچەك كران، دواتر چوونە پاڵ داعش و هاوكاریی داعشیان كرد دژی خەڵكی كەركووك، بۆیە ئەوەی كە كراوە لە كەركووك، كارێكی مەترسیدارە و ناكرێت رێگە بدرێت خەڵكی مەدەنی ببێتە چەكدار".

 

بڵند ئیبراهیم