پارێزەری ئومێد بەرۆشکی: سزاکەی ئومێد بە رۆشکی دەبێتە ساڵێک

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-30 16:10:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پارێزەری ئومێد بەرۆشکی: سزاکەی ئومێد بە رۆشکی دەبێتە ساڵێک

دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە دادگای دهۆک بەهۆی پۆستێکی فەیس بووکەوە، سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ ئومێد بەرۆشکی دەرکرد ، پارێزەرەکەی دەڵێت، پێدەچێت سزاکەی بکرێتە ساڵێک و ئۆتۆماتیکی شەش مانگی تر بچێتە سەر سزاکەی. لە بەرامبەر دەستگیرکردن و سزادانی ئومێد دا برایەکی ڕەخنەی تووند لە سزاکە دەگرێت و دەڵێت،" براکەم بێ تاوان سزا دراوە." ئەمڕۆ 30ی مانگی یەک دوای دوو جار لە دادگاییکردنی بە تۆمەتی سووکایەتی کردن (تەشهیر) لە پۆستێکی فەیس بووکدا بە زیندانی چاکسازی زرکا لە دهۆک، دادگای تاوانەکانی دهۆک سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئومێد بەرۆشکی کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان سەپاند. ڕەمەزان ئەرتیشی پارێزەر لە دۆسیەی ئومێد بەرۆشکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئومێد بە ماددەی 2ی پەیوەندی بۆ ماوەی شەش مانگ سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە، چونکە لە ڕێگەی فەیس بووکەکەی خۆیەوە پۆستێکی کردووە لەسەر زیندانی زرکا، کە گوایە یەکێک لە زیندانیانی بادینان بەناوی مەلا نەزیر کە لەو زیندانیە دەستگیرکرابوو، لە زیندانەکە نییە و بێ سەر و شوێنە، بۆیە دادگا بە تاوانی سووکایەتی کردن شەش مانگ سزای دا." وتیشی،" سزاکەشی تەنها ئەو شەش مانگە نییە و دەبێتە ساڵێک، چونکە بابەتێک هەیە پێی دەوترێت (ئیقاف تەنفیز) واتە کاتێک کەسێک سزا دەدرێت بۆ ماوەیەک، نابێت تا سێ ساڵ ئەو تاوانە دووبارە بکاتەوە، بەڵام ئومێد پێش سێ ساڵەکە دووبارەی کردەوە و بۆیە سەد لە سەد شەش مانگی تری دەچێتە سەر سزاکەیی و دەبێتە ساڵێک." ئومێد بە رۆشکی لە 23ی یەکی 2024 لە ڕێگەی فەیس بووکەکەی خۆیەوە پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر یەکێک لە زیندانیانی بادینان بە ناوی مەلا نەزیر، لە پۆستەکەی ئومێد دا هاتووە،" مەلا نەزیر لەلایەن هێزێکی زیندانی زرکاوە ڕفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنووسی نادیارە." لەسەر ئەو پۆستە بەرپرسانی زیندانەکە ئومێد دەدەنە دادگا، دوای دوو جار داگایی کردنیشی ئەمڕۆ سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری یاسایی لە چاکسازی زیندانی دهۆک، بەشار زێباری بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئومێد لەسەر سکاڵای ئێمە دەستگیرکراوە، چونکە بابەتێکی بڵاوکردەوە کە ڕاست نەبوو، دەرکەوت ئەوەی لەسەر زیندانەکە بڵاوی کردبۆوە درۆ بوو." بەر لە چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی، ئومێد بە رۆشکی بە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکای وت، کە مەترسی دەستگیردنی لەسەرە و وتی،" من کارێکی ڕۆژنامەوانیم ئەنجامدابوو لەسەر زیندانیەکی بادینان لە زیندانی چاکسازی زرکا لە دهۆک، ئەو زیندانە سزای لە من کرد لەسەر ئەوە، پێش ساڵێک ڕۆژێک ڕاگیرام و دوو جاریش دادگایی کراوم، بەڵام 30ی مانگ کۆتا دانیشتن لەسەر دۆسیەکەم ئەنجام دەدرێت." هاوکات برایەکی ئومێد بەرۆشکی بە ناوی ماهیر بەرۆشکی براکەی بە "بێ تاوان" ناو دەبات و بە دەنگی ئەمەریکای وت،" براکەم بێ تاوانە و هیچی لەسەر نییە، دادگا بڕیاری نادروستی لەبارەی براکەمەوە داوە، براکەم وتی من ڕۆژنامەوانم مافم هەیە لەسەر ئەو دۆسیەیە قسە بکەم، بەڵام پێیان وت نابێت قسەی لەسەر بکەیت." ئومێد بەرۆشکی کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان کە لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیرکراو و 6 سکاڵای جیاوازی لەسەر بوو، دواتر لە 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام لە دوای ئازاد کردنی جارێک ڕاگیراوە و چەند جاری تریش بە ماوەی کورت دەستگیرکراوە، دواتر بە کەفالەتی پارە ئازاد کراوە.