ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: پێدەچێت هێزەکانی سەر بە تورکیا تاوانی جەنگیان دژی کورد ئەنجامدابێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-30 19:10:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: پێدەچێت هێزەکانی سەر بە تورکیا تاوانی جەنگیان دژی کورد ئەنجامدابێت

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch) لە ڕاپۆرتێکدا ىڵاویکردوەتەوە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا بۆ سەر ئەمبولانسێکی مانگی سووری کوردی پێدەچێت تاوانی جەنگی بێت و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنکەرە دەبێت لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدات و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو تاوانانە بکات. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لە 18ی مانگی یەکی ئەمساڵ هێرشێکی ئاسمانی هێزی سوپای نیشتیمانی سوریا(SNA) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەمبولانسێکی مانگی سووری کوردی لە ڕۆژئاوا کردوەتە ئامانج. بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، پێدەچێت ئەم هێرشە تاوانێکی جەنگی بێت. شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە هێرشەکە ئامبولانسێکی کردۆتە ئامانج کە هاووڵاتییەکی مەدەنی گواستوەتەوە کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو هێزانەوە بۆ سەر خۆپیشاندەران لە بەنداوی تشرین برینداربووە. لە هێرشەکانی ئەو ڕۆژەدا شەش هاووڵاتی سڤیل کوژران کە یەکێکیان ئەکتەرێکی بەناوبانگی کورد بوو و لانیکەم 16 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەکاونتێکی سەر بە سوپای نیشتمانی سوریا گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێرای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بڵاو کردوەتەوە کە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی بەنداوی تیشرین پیشان دەدات و نووسیوێتی بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێکخراوە نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا هێرشەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە ئەنجام دراون یان سوپای نیشتمانی سوریا کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات. لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا خۆپیشاندەران لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کۆبوبوونەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ناوچەکە، چونکە نیگەرانی هەبوو لەوەی بەنداوەکە بڕووخێت. بەپێی ئامارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە ماوەی مانگی یەکدا لانیکەم چوار هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانی تورکیا و یاخیبووان بۆ سەر خۆپیشاندەرانی لە نزیک بەنداوی تشرین بووەتە هۆی کوژرانی 20 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 120 هاووڵاتی کورد. هیبا زەیەدین، لێکۆڵەری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا و تورکیا شێوازێکی ڕوون و پڕ لە کێشەی هێرشی نایاسایییان لە دژی خەڵکی سڤیل و کەرەستەی مەدەنی نیشانداوە و تەنانەت وا دیارە کە بەم بۆنەشەوە ئاهەنگ دەگێڕن. تورکیا وەک پشتیوانی سەرەکی سوپای نیشتمانی سوریا ئەرکی ئەوەی لەسەرە کۆنتڕۆڵی ڕەفتارە خراپەکانی ئەو هێزانە بکات یان مەترسی ئەوەی لەسەئەوەیە دەستی لەو تاوانانەدا تێکەڵ بێت." ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی 18ی مانگی یەک و شۆفێری ئەمبولانسەکە ئەنجامداوە. ڕێکخراوەکە ڕەسەنایەتی ڤیدیۆکانی هێرشی سەر خۆپیشاندەرانی بەنداوی تیشرینی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە نێوان کاتژمێر 1 بۆ 2ی پاشنیوەڕۆ ڕوویداوە. بە پشتبەستن بە سێ ڤیدیۆ و لێدوانی شایەتحاڵەکان، ڕێکخراوەکە نەیتوانی هیچ ئامانجێکی سەربازی لە نزیک شوێنی ناڕەزایەتییەکە دەستنیشان بکات. ئارمانج محەممەد، تەمەن 37 ساڵ، خەڵکی قامیشلۆ بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاندوە "ئێمە چووبووینە بەنداوی تشرین بۆ ئەوەی دژی لەشکرکێشی تورکیا و گروپەکانی سەر بە تورکیا خۆپیشاندان بکەین بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان و داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر ئاو، کارەبا، و ژێرخانی ناوچەکە بکەین" و ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە گۆرانی کوردیمان دەوت و سەمامان دەکرد، هەروەها ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانیش ئامادەی چالاکییەکە بوون و هیچ هێزێکی سەربازی و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شوێنی ناڕەزایەتییەکە ئامادە نەبوون. خۆپیشاندەران نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوە دوور بوون." ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە کەناڵێکی تێلێگرامی چەکدرانی سەر بە تورکیا بڵاوکراونەتەوە و لە لایەن ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤەوە پشتڕاستکراونەتەوە، دەریدەخەن کە دوو تەقەمەنی لە ئاسمانەوە کەوتوونەتە خوارەوە و بەر قەرەباڵغییەک کە لە ژن و پیاو پێکهاتووە، لە بەنداوی تیشرین دەتەقێتەوە. ئەوان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی و سەمای نەریتی کوردییان دەکرد. لە ژێرنووسی یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا هاتووە "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار پیرۆزبایی و هیوای خۆشی دەنێرێت بۆ ئاهەنگەکانی هێزەکانی دیموکرات لە بەنداوی تیشرین." ئەو ڤیدیۆیانەی دوای هێرشەکە لە سۆشیال میدیاشدا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە خۆپیشاندەرانی بێ چەک بەپەلە بە هانای بریندارەکان و ئەو کەسانە دەچن کە پێدەچێت کوژراون. ژیان خەلیل پەیامنێر و پێشکەشکاری بەرنامەی ژن تیڤی کە خەریکی وێنەگرتنی ناڕەزایەتییەکان بوو، وتی "دیمەنێکی ترسناک و وەسفنەکراو بوو." ئاماژەی بەوەشکردووە "پێش بۆردومانەکە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە نەدراوە و هێرشەکە لەڕادەبەدەر دڕندانە بووە و دووجار ڕاستەوخۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کردۆتە ئامانج". حکوومەتی تورکیا هێزەکانی (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تۆمەتبار دەکات بەوەی لە بەنداوی تیشرین خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ قسەی لەگەڵ شۆفێرێکی ئەمبولانسی مانگی سووری کورد کرد کە دوای هێرشی بەنداوەکە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرابوو. ئەو شۆفێرە ڕایگەیاندوە "لە ڕێگای بەنداوەکە، تەنها پێش گوندی هۆریا کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە بەنداوەکەوە دوورە، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی ئاماژەی پێکردین کە بوەستین و وتی کچێکی برینداریان لەگەڵدایە." بە گوتەی ئەو شوفێرە ئەو کچە بریندارەی کە بە وتەی خۆی لە هێرشەکەی بەنداوی تیشرین بریندار بووە، گواستووەتەوە بۆ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن. ئاماژەی بەوەشکردووە "ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی سواری ئەمبولانس بوومەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لێیداین و تەقینەوەکە وایکردووە دەرگای ئەمبولانسەکە بکرێتەوە و پەنجەرە و دەرگاکانی بشکێت." بەنداوی تشرین لە مانگی دوازدەی ساڵی 2024ەوە بووەتە شوێنی شەڕەکانی نێوان هاوپەیمانی تورکیا و یاخیبووان و هێزەکانی سوریای دیموکرات. بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەنداوەکە لە 10ی مانگی دوازدەی ساڵی رابردووەوە لەکارکەوتووە، کاتێک لە کاتی شەڕەکەدا زیانی پێگەیشتووە و زیاتر لە 413 هەزار دانیشتووی ناوچەکانی مەنبەج و کۆبانی بێ ئاو و کارەبا ماونەتەوە. ئەم کۆمەڵەیە هاوپەیمانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن. هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سوریا لە کۆتاییەکانی مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە بووەتە هۆی پچڕانی ئاو و کارەبای ملیۆنان کەس. هێرشی دووبارە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی چەندین دامەزراوەی گرنگیان لەناوبردووە، لەوانە وێستگەکانی ئاو و کارەبا، دامەزراوە نەوتییەکان و وێستگەکانی غاز، هەروەها نەخۆشخانە و نانەواخانە و دامەزراوە ئاوییەکانی پەک خستووە. هێزە چەکدارەکانی تورکیا و میلیشیا سوورییەکان کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات لە ناوچەکانی باکوری سوریا کە تورکیا داگیری کردوە، تۆمارێکی باشیان نییە لە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە سوپای نیشتمانیی سووریا و گرووپەکانی دیکە لە نێویاندا ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا، خەڵکیان ڕفاندووە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە، لەوانەش منداڵان. ئەو هێزانە لە بەرامبەر توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجەدان لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و خەریکی دزی و تاڵانکردنی زەوی و ماڵ و زەوتکردن بوون. بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، یان (IHL)، لایەنەکانی ململانێکان دەبێت بریندار و نەخۆشەکان کۆبکەنەوە و چاودێرییان بکەن. ئەمبولانسەکانیش وەک نەخۆشخانەکان پارێزبەندی تایبەتیان هەیە. نابێت بکرێنە ئامانج تەنانەت ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی شەڕکەرانی دوژمنیش بەکاربهێنرێن. پێویستە ئەمبولانس و ئۆتۆمبێلەکانی تری گواستنەوەی پزیشکی بپارێزرێن و لە هەموو بارودۆخێکدا ڕێگەیان پێبدرێت کاربکەن. هەروەها بینا و دامەزراوە گرنگەکانی وەک بەنداوەکان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پارێزراون. ئەم یاسایانە داوا دەکەن کە بەنداوەکان و دامەزراوە هاوشێوەکانیان بە "چاودێری تایبەت" لە شەڕدا بپارێزرێن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاوێکی مەترسیدار کە دەتوانێت ببێتە هۆی قوربانییەکی زۆر لەنێو هاووڵاتیانی مەدەنیدا.