پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد: ڕێککەوتن لەسەر یاسای بودجە دەتوانێت کۆتایی بە کێشەی مووچە لە هەرێم بهێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-30 21:35:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد: ڕێککەوتن لەسەر یاسای بودجە دەتوانێت کۆتایی بە کێشەی مووچە لە هەرێم بهێنێت

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی نوێنەری فراکسیۆنە جیاوازەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا، هەموو لایەنەکان ڕەزامەندبوون لەسەر تێپەڕاندنی یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و وتی "بە دڵنیاییەوە یاساکە تێدەپەڕێت". پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیش پێی وایە  ڕێککەوتنەکە دەتوانێت کۆتایی بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بهێنێت. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، بەشێوەیەکی گشتی ڕێککەوتن بوو، سەرۆک وەزیران ڕوونکردنەوەی باشی و دا و لە کۆتایی کۆبوونەوەکە پرسیاری کرد هیچ کەس و لایەنێک تێبینی ماوە لەسەر تێپەڕاندنی یاسەکە لە جەلسەی داهاتوو، بەڵام هیچ تبینی و کێشەیەک نەبوو." وتیشی،" پێشتر دووجار ڕێگەنەدرا تێپەڕێندرێت، بەڵام ئەمجارە دڵنیام تێدەپەڕێت، هەندێ تێبینی ورد هەبوو بەڵام ئەوە نابیتە ڕێگر لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە، چونکە سەرۆک وەزیران ڕوونکردنەوەی باشی دا، ئەو ڕوونکردنەوانە و واقعەکە وایکرد ڕەزامەند بن." هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختیشی کردەوە،" فشاری دەرەکی هەبووە لەسەر هەردوولا بۆ ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە و خۆشی بەرژەوەندی هەردوولای تێدایە کە یەکێک لە گرێکوێرەکان بوو بەڵام کرایەوە."   شەوی ڕابردوو بە نوێنەرایەتی نزیکەی 250 پەرلەمانتار کە پێکهاتبوون سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەیی و نوێنەر و سەرۆکی فراکسیۆنی لایەنە جیاوازەکان سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست، بە پێی قسەی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکەش بۆ ڕەزامەندی لایەنەکان بووە لەسەر دەنگدان بە یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم. ڕۆژی 5 ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجام بدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو 19ی مانگی یەک دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا ،دەنگدان بە یاساکە دواخرا. هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. شوان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەمواری یاسای بودجە فاکتەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی کێشە داراییەکانی نێوان بەغداد و هەرێم نەمێنێت، بە تایبەت لانیکەم کێشەی مووچە چارەسەر ببێت، چونکە ئەو داهاتەی بەهۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە دەچێتە سەر کۆی موازەنەی دەوڵەتی گشتی عێراق داهاتيکی زۆرە، زۆر لە کۆی گشتی مووچەی سورجەم دەرمانبەرانی هەرێم زیاترە." وتیشی،" لەلایەکی ترەوە  ئەمە وادەکات جۆرێک لە بێ منەتی دروست ببێت، قسەی کۆمەڵێک پەرلەمانتار نامێنێت کە باس لەوە دەکەن پارەی نەوتی بەسرە دەدرێت بە فەرمانبەرانی کورد، پێشمان وانیە کێشەی بۆ دروستبکرێتەوە، چونکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە ئاڕاستە دەکرێت."