ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، شانەکانی داعش جارێکی تر چالاک دەبنەوە. ڕوانگەکەی کە پشت بە تۆڕێکی چالاکوانانی ناو سوریا دەبەستێت دەڵێت چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە سەربازییەکان و بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داناوە. بە گوێرەی ڕوانگەکە هێرشەکانی داعش لەکاتێکدایە کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ئێستادا هەوڵی وەستاندنی هێرشەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەدەن. ئەو ڕوانگەیەی چاودێری شەڕو پێکدادانەکانی ناو سوریا دەکات لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە، داعش 16 ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە، لەوانە هێرشی چەکداری و بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە لەو هێرشانەدا بەلاینی کەم 9 کەس کوژراون. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە داعش، هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات. واشنتۆن ڕایگەیاندووە، هێزەکانی (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هاوپەیمانێکی گرنگن لە شەڕی داعشدا.