مەكتەبی سیاسیی پارتی یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح پیرۆز دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا مەسیح درودی خوای لەسەر بێت بڵاو کردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێ، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خوشك و برایانی مەسیحی دووپات دەكەینەوە و جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر چەسپاندنی پرەنسیپی پێكەوەژیان و گیانی لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا.

دەقی پەیامەکە:

پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح(سڵاوی خوای لێبێت)

بە بۆنەی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێـت) گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشك و برا كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و، عێراق و جیھان بە گشتی دەكەین، هیوادارین هاتنەوەی ئەو یادە مایەی خۆشی و شادیی ھەموو لایەك بێت.

هەرێمی كوردستان هەمیشە لانەی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و لێبووردەیی و نموونەیەكی راستەقینەی شەبەنگی برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی بووە، لەو سۆنگەیەوەش رۆڵی خوشك و برایانی كریستیانی كوردستان لە قووڵكردنەوەی ئەو كوولتورە دێرینە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و چەوسانەوە گرنگ و كاریگەر و بەرچاو بووە، بۆیە دڵنیاین رەگوریشەی ئەو شارستانیەت و مێژووە دەوڵەمەندە هەردەم ئاوا پتەوتر و بەهێزتر دەبێت.

جارێكی دیكەو لەو دەرفەتەدا پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خوشك و برایانی مەسیحی دووپات دەكەینەوە و جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر چەسپاندنی پرەنسیپی پێكەوەژیان و گیانی لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا.

جارێكی دیكە جەژنتان پیرۆز بێت و هەر رۆژێكتان جەژن و شادی و بەختەوەری بێت...

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

25/12/2019