هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئەزموونی گشتیی كۆتایی ساڵ لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێ، ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەزموونەكاندا نەھاتووە و رێنماییەكانی خۆپارێزییش لەنێو ھۆڵی ئەزموونەكان جێبەجێ دەكرێن.
جەلال ھەمزە، بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە بۆ بەڕێوەچوونی ئەزموونەكان لە ١ی مانگی داھاتوودا، ھیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەزموونەكانی كۆتایی ساڵ نەكراوە، تەنیا بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كاتی بەڕێوەچوونی ئەزموونەكان گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پەروەردە گوتیشی: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان، ھەماھەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەڕاسیۆنی پارێزگاكان دەكەن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئەزموونەكان و رێنماییەكانی خۆپارێزییش لەنێو ھۆڵی ئەزموونەكان جێبەجێ دەكرێن لە پێناو سەلامەتیی قوتابیاندا".
لەبارەی پۆلی ١٢ی ئامادەییەوە، جەلال ھەمزە روونی كردەوە: "پرۆگرامی خوێندن خشتەی بۆ دیاری كراوە و تا كوێ خوێندوویانە ھەر ئەوەندە لە ئەزموونەكان دێتەوە، كاریگەرییەكی ئەوتۆشی نابێت لەسەر نمرەی قوتابیان، لەبەر ئەوەی ھەر كۆلێژێك كۆنمرەی قوتابیی دیاری كردووە تا چەند وەردەگرێت".
قائید میرۆ