لیوا زریان: كەس هاوكاری جووتیارانی کورد ناکات، گەنمەكەیان دەسوتێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن بەرگریی شارستانیی عێراقەوە تۆمار كراوە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن داعشەوە ئاگر لە 114 شوێن بەردراوە و 2 هەزار و 72 ناوچە سوتاون، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێ، سوتاندنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و جگە لە خۆیشیان، كەس هاوكارییان ناكات، تەنانەت هێزە عێراقییەكانیش.

بەرگریی شارستانیی عێراق، ئاماری رووداوەكانی ئاگربەردان لە دەغڵودانی جووتیارانی لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا بڵاو كردووەتەوە و، بەپێی ئامارەكە ئاگر لە دەغڵودانی 15 شاری عێراق بەرداوە، كە 114 رووداو بوون و لە ئەنجامدا 2 هەزار و 72 ناوچە سوتاون  و زۆرترین ئاگركەوتنەكەش لە پارێزگاكانی دیالە و كەركووك و مووسڵ و واست و سەڵاحەددین بوون.

لای خۆیەوە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، لیوا زریان شێخ وەسانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سوتاندنی دەغڵودانی جووتیاران لە سنووری مەخموور بەردەوامە و تاوەكو ئێستا رووبەرێكی زۆری لێ سوتاوە و بەردەوامیشن لە سوتاندن".

شێخ وەسانی گوتیشی: "جووتیاران ئەوەی بتوانن دەیكوژێننەوە و ئەوەی دیكەش دەسوتێت، چونكە كەس نییە هاوكاریان بكات بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، تا گەنمەكەیان هەموو دەسوتێت".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەشڵێ: "هێزە عێراقییەكان هیچ هاوكارییەكی جووتیاران ناكەن و لە زۆر شوێن كە داعش ئاگر لە گەنمەكانیان بەردەدات، تەنانەت ناوێرن بیكوژێننەوە، لەبەر ئەوەی داعش زۆر نزیكە و لە گیانی خۆیان دەترسن".

 

بڵند ئیبراهیم