كوردستانیان چاویان لەسەر پەرلەمانی كوردستان بوو دابمەزرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- دوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە بەھاری ١٩٩١، بە بڕیاری بەرەی كوردستانی یەكەم ھەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی دەزگە شەرعی و یاساییەكانی ھەرێمی كوردستان لە رۆژی ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ بەڕێوە چوو، ئەندامێكی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، كورد توانی ئەزموونی سیاسی بگوازێتەوە بۆ یاسایی و شەرعی و، لەو رێگەیەوە یەكەم پەرلەمان و حكوومەتی خۆماڵیی لە باشووری كوردستان دامەزراند.

سبەی ٢٩ ساڵ بەسەر یەكەم ھەڵبژاردنی كوردستاندا تێدەپەڕێت و بۆ یەكەم جاریش لە باشووری کوردستان یەکەمین ھەڵبژاردنی ئازادانە بەڕێوە چوو، كە تێیدا چەندین قەوارە بەشدارییان كرد و بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

شێروان حەیدەری، ئەندامی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ١٩ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ و دواتر دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، یەكەم ئەزموونی خەڵكی كوردستان بوو لەو سەردەمەدا، واتە لەسەر ئاستی ھەر چوار پارچەی كوردستان بۆ یەكەم جار ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان توانیییان دەنگی خۆیان بدەن و لەو رێگەیەوە پەرلەمانی كوردستان پێك بێت، یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستانیش وەرچەرخان و گۆڕانكارییەكی گەورە بوو رووی دا، تا بتوانین شەرعیەتی سیاسی بگوازینەوە بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری".

ئەو ئەندامەی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "ھەرچەندە یەكەم ئەزموونی پەرلەمانی بوو ئەو كات، بەڵام توانیمان بەردی بناغەی یەكەم پەرلەمان دابنێین و نەوەكانی دوای ئێمە و كوردەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان لەسەر ھەمان رێڕەو بڕۆن، لەبیرمە ھاووڵاتی توانی بە ئازادی دەنگی خۆی بدات بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆی، چونكە پێشتر ئەوە نەبووە لە عێراقدا لە رێگەی ھاووڵاتیانەوە دەسەڵات دیاری بكرێت، ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ رووی دا، رووداوێكی مێژوویی بوو".

حەیدەری روونی كردەوە: "سیستەمی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ سیستەمی پێش خۆی بەراورد ناكرێت، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی رژێمی بەعس ھەڵبژاردن تەنیا كارتۆنی بوو، ئەو دەزگایەشی لە سایەی ھەڵبژاردنی پێش راپەڕین دیاری دەكران، شەرعیەتی خەڵكیان وەرنەگرتبوو، ئەنجوومەنەكەی رژێمیش ھەر كارتۆنی بوو، بە پێچەوانەوە ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام درا، دەنگی راستەقینەی ھاووڵاتیان و دەنگدەرانی باشووری كوردستان بوو، بێگومان ھەر چوار پارچەی كوردستانیش چاوی لەسەر پەرلەمانی كوردستان بوو دابمەزرێت، سەرەڕای ھەموو كەموكوڕییەكیش، جێگەی ئومێدی ھەموانە، بۆیە پێویستە لە ئێستادا بەھای ئەو پەرلەمانە بزانن".

 

قائید میرۆ