هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، تێپەڕاندنی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كەمترین زیانی بۆ پارتی ھەیە لەنێو لایەنە كوردستانییەكاندا و دەشڵێ، بۆ پاراستنی یەكڕیزی، فڕاكسیۆنی پارتی بایكۆتی كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراقی كرد.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین عێراق ھەموو بكرێتە یەك بازنە وەك ھەرێمی كوردستان، ئەمە پلانی "ئەی"ـە بۆ ئێمە، پلانی "بی" ئەوەیە شێوازی ھەڵبژاردن لە عێراق وەك خۆی بمێنێتەوە و ھەر ھەژدە پارێزگا ببنە ھەژدە بازنەی ھەڵبژاردن، بەڵام پێشنیازی ئەوان ئەوەیە ھەر قەزایەك لە عێراق بكرێتە بازنەیەك، ئەوەی قەزاكان كەمترین زیان بەر پارتی دەكەوێت بەراورد بە لایەنە كوردستانییەكان، بەڵام دوێنێ فڕاكسیۆنی پارتی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و یەكڕیزیی لایەنەكان، بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كرد.
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن گوتیشی: "دەنگ لەسەر ھەردوو ماددەی ١٥ و ١٦ دراوە و تازە بووەتە یاسا، ئەویش بەو شێوەیە، بۆ نموونە قەزایەكی وەك شەقڵاوە یەك نوێنەری دەبێت بۆ پەرلەمان و كام كاندید زۆرترین دەنگی بەدەست ھێنا، ئەوە دەبێتە نوێنەری قەزاكەی لە پەرلەمان".
گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەك یاسا كورد لە دەستی چوو تێپەڕی و ھەندێ كێشە پەیدا دەكات، لەبەر ئەوەی ئەو قەزایانەی رێژەی دانیشتووانیان ناگاتە سەد ھەزار كەس، لەگەڵ قەزایەكی دیكە تێكەڵ دەكرێن، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان دەكرێت و پێویستە ئێمە كار لەگەڵ وەزارەتی پلاندان بكەین، بۆ ئەوەی شتێك نەكەن بە زیانی كورد بشكێتەوە، بۆ نموونە قەزای دوبز لەگەڵ كام قەزا تێكەڵ دەكرێت".
قائید میرۆ