هەولێر-KDP.info- لە کاتێکدا بەهۆی ناهەمواری دۆخی سیاسییەوە لە بەغدا و شارەکانی عێراق ئاهەنگگێڕانی کریستیانەکان بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە هەڵوەشایەوە، کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان رێوڕەسمەکانیان ئەنجامدا، بە جۆرێک زۆرینەی کریستیانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش هەر لە کوردستان جەژنیان گێڕا.
مەترانی سریانە ئەرتەدۆکسەکان لە گوتارەکەیدا گوتی: "لە سەرەتاوە من لەگەڵ ئەو بڕیارە نەبووم بۆ راگرتنی ئاهەنگگێڕان لە سەری ساڵ ، جەژنی سەری ساڵ جەژنێکی ڕۆحییە زیاتر لەوەی دنیایی بێت، ئێمەش لەو نیعمەتە خوداییەی کە تیایدا دەژین مافی خۆمانە جەژن بگێڕێن و سوپاسی خودا بکەین بۆ نیعمەتەکانی و لەسەروو هەمووشیانەوە نیعمەتی سەقامگیری و ئاسایش کە لە هەرێمی کوردستان بۆمان رەخسێندراوە".
لە هەرێمی کوردستان و جیهان جەژنی کریسمسی کریستیانەکان بەچەند رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت کە رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسایە. تەنها لە هەرێمی کوردستان لە 126 کەنیسە و 60 دێر رێوڕەسمی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح بەڕێوەدەچێت.
هاوکات لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق، مەترسی کەوتە سەر ژیانی کریستیانەکان و ژمارەیەکی زۆریان چوونە دەرەوەی وڵات، چەند جارێکیش هۆشداریی دراوە لەوەی، کۆتایی بە بوونی پێکهاتەی کریستیان لە عێراق بێت.