ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێ، له‌و 200 ھەزار سه‌به‌ته خۆراكەی حكوومه‌تی هه‌رێم به هاوكاریی سه‌رمایه‌داران دابه‌شی ده‌كات به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، هەشت هه‌زار سه‌به‌ته‌ی به‌ر پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كه‌وتووه و ده‌ست به دابه‌شكردنی كراوه.
كاوه عه‌لی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و پاره‌یەی سه‌رمایه‌داران پێشكه‌شیان كردبوو، بایی نزیكه‌ی 10 ملیۆن دۆلار خۆراكی كڕیوه، كه پێك دێ له ئارد و ڕۆن و دۆشاوی ته‌ماته و نیسك و، به‌سه‌ر 200 هه‌زار خێزانی كوردستاندا دابه‌ش ده‌كرێت، به‌م شێوه‌یه، 50 هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ پارێزگای دهۆك، 70 هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ پارێزگای هه‌ولێر، 50 هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ پارێزگای سلێمانی، 12 هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، 10 هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان و، هەشت هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه".
كاوه عه‌لی گوتیشی: "پشكی هه‌ڵه‌بجه هەشت هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراكە و به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووانی ناوه‌ندی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و ناحیه‌كانی دابه‌ش كراوه، پێوه‌ره‌كانیش له لایه‌ن بۆردی خۆراكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی دانراوە، بۆ پێدانی خۆراك به ماڵه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، سهرۆكخێزانێک کە لە پیاوەکەی جیا بووبێتەوە، یان كرێچی بێت، یان سهرۆكخێزانێک خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و سهرۆكخێزانانهی كه‌مده‌رامه‌تن و مووچه‌یان له حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت نییه".
عه‌لی زیاتر گوتی: "به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتووان، هه‌ڵه‌بجە 2%ی به‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام ئه‌و ڕێژه‌یه بۆ هه‌ڵه‌بجه به‌رز كرایه‌وه بۆ هەشت هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك، زیاتر له 14 هه‌زار ناو تۆمار كرابوو، پاش پێداچوونه‌وە 10 هه‌زار ناومان نارد بۆ لیژنه‌كه، له ئه‌مڕۆوه دابه‌شكردنی خۆراك ده‌ستی پێ كردووه، له هه‌وڵداین پێش جه‌ژن به‌ته‌واوه‌تی دابه‌شی بكه‌ین"
ئاماژه‌ی به‌وه دا: "سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی له‌م بهرهجهژنانەدا ناویەتی و بۆ هه‌ر خێزانێك 10 ده‌به ڕۆنی زه‌یت و دوو قوتووی ئاوی ته‌ماته و یه‌ك فهردەی 50 كیلۆیی ئارد و كیسێك نیسك دانراوە و، بۆ كه‌م و زیادیی خۆراك هیچ جیاوازی له ژماره‌ی خێزانه‌كان نه‌كراوە".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ