سامان عاره‌ب: ده‌ست به‌ تاپۆكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر گوتی، بڕیار دراوه‌ سه‌رجه‌م یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی سه‌ر به ‌كه‌رتی تایبه‌ت، كه‌ ژماره‌یان 100 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌، تاپۆ بكرێن و هاووڵاتییان ده‌توانن سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ بكه‌ن بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كانیان و ئه‌و بڕیاره‌ش هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، سامان عاره‌ب، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "مه‌به‌ستمان له‌و بڕیاره‌ی بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كان ده‌رچووه، ‌تاپۆکردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی كه‌رتی وه‌به‌رهێنانه،‌ كه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون هه‌یه،‌ ئه‌وانه‌ به ‌هەماهەنگی له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان تاپۆ ده‌كرێن و هاووڵاتییانی خاوه‌ن یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌بنه‌ خاوه‌ن تاپۆ و سه‌ندی خۆیان و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان بۆ ده‌كرێت تاوه‌كو خانووه‌كان تاپۆ ده‌كرێن."

سامان عاره‌ب گوتیشی: "دەر‌باره‌ی قه‌رزه‌كانیش نیشانه‌ی گلدانه‌وه‌ له‌سەر هاووڵاتیان دا‌ده‌نرێت، یاخود هاووڵاتییان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان ڕێك دەكه‌ون  و كۆمپانیاكانیش له‌ نرخدا داشكاندیان بۆ ده‌كەن."

به‌ڕێوەبه‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر باسی له‌وه‌ش كرد: "بڕیاره‌كه‌ ده‌رچووه‌ و لیژنه‌ی بۆ پێک هێنراوە و له ‌زووترین كاتدا خه‌ڵك ده‌توانن ده‌ست به‌ مامه‌ڵه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبونانه‌ تاپۆ بكرێن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونیان به‌ناو بێت و دڵنیا بن كه‌ مافیان ناخورێت."

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر کەسێک بە دوای کارەکانیدا نەچێت، لە داهاتوودا خۆی بەرپرسیار دەبێت و بڕیارەکەش تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."

ڕوونیشی كرده‌وه: "هاووڵاتییان ده‌توانن سه‌ردانی كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دواتر له‌ فه‌رمانگه‌ی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ بۆ تۆماركردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون ده‌ست به‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن."

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا بڕیاری دابوو كه‌ سه‌رجه‌م یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی پڕۆژه‌كانی سه‌ر به‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان لەسه‌ر هاووڵاتییان و خاوه‌نموڵكه‌كان تاپۆ بكرێن، ئێستا ئەو بڕیاره‌ جێبه‌جێ دەكات و، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بتوانن سوود له‌و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونانه‌ ببینن، كه‌ له‌ كۆمپانیاكانیان كڕیوه‌.
بڵند ئیبراهیم