ئاهەنگی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە ئاسایشییەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-03-14 16:06:09 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئاهەنگی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە ئاسایشییەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت

دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنە توندە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێشگرتن له بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و 'بەستنی جامانە' و"جلوبەرگی خاکی'(جلی هاوشێوەی جلی پێشمەرگە)، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەکانی کرماشان، مەلەکشاهی ئیلام، مەهاباد و چەند شاریکی دیکە سەرەڕای هەڕەشەی دامەزراوە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامادەبوونی هەزاران کەس بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لەمبارەیەوە، لە بۆکان و مەریوان و شارەکانی دیکە خەڵک و هونەرمەندان لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانەوە بانگهێشت کراون و هەڕەشەیان لێکراوە بەشداری ڕێوڕەسمەکان نەکەن. ئەمڕۆ هەینی لە کرماشان سەرەڕای هەڕەشەکان ڕێوڕەسمی نەورۆز بەئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر بەڕێوەچووو. ڕێکخراوی هەنگاو بڵاویکردوەتەوە سادق حوسێنی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاندبوو کە "هیچ دەزگایەک دەسەڵاتی دەرکردنی مۆڵەتی بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆز نییە" و هەروەها هۆشداریداوە لەوەی بەشداربووان و بەڕێوبرانی ئەو ڕێورەسمانە دەستگیر دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕێوڕەسمە لە شاری مەلەکشاهی ئیلامی بەڕێوەچووە. ڕاپۆرتەکەی هەنگاو باس لەوە دەکات کە پێشتریش زیاتر لە 60 لاوی خەڵکی مەریوان لە لایەن دەزگای ئاسایش و هەواڵگری ئەو شارەوە بانگھێشتی کراون و ھەڕەشەیان لێ کراوە کە بە پۆشینی 'جامانە' و "جلوبەرگی خاکی" بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا نەکەن. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا 58 هاووڵاتی مەدەنی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئەو شارە بانگهێشت کراون و بە "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز تۆمەتبار کراون. دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری ئێران یەکەمجار نییە کە ڕیوشوینی ئاسایشی بەرامبەر بە ئاهەنگەکانی نەورۆز بگرنەبەر و لەساڵانی پێشتریشدا ڕێگریان لەخەڵک کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕێوڕەسمانە و ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی بەم پرسەوە دەیان کەس لە شآرە کوردنشینەکان دەستبەسەر کران.