ئەو هاووڵاتیە کە هێزە ئەمنیەکانی هەولێر دانپێدانانیان بڵاوکردەوە دەڵێت ئەوەی کرا بە یاسایی نازانم

دوایین نوێکردنەوە 2025-03-14 16:50:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئەو هاووڵاتیە کە هێزە ئەمنیەکانی هەولێر دانپێدانانیان بڵاوکردەوە دەڵێت ئەوەی کرا بە یاسایی نازانم

ئەو هاووڵاتیەی کە مانگێک لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەولێر دانپێدانانی بڵاوکرایەوە ئازادکرا، ئادەم عوسمان بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەی بەنایاسای دەزانێ و دەڵێت،" لەڕۆژانی داهاتوو ڕوونکردنەوەی تەواوم دەبێت لەسەر دانپێدانەکە." پارێزەری کەیسەکەش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ئەوەی کرا بەرامبەر ئامادەم کارێکی خراپ بوو و دەشڵێت،"یەکەم جاریش نییە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەو جۆرە کارانە ڕوو دەدەن و خەڵکی دانپێدانیان پێ دەکرێت." هاووڵاتی ئادەم عوسمان لەدوای ئازادبوونی، بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکەی بە نایاسای ناوبرد و تەنها ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەڕۆژانی داهاتوو لێدوانمان لەو بارەیەوە دەبێت و جارێ نامانەوێت قسەی زیاتری لەسەر بکەین." ڕۆژی 11ی مانگی دووی 2025، پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان دانپێدانانی هاووڵاتیەکی دانیشتووی شاری هەولێریان بڵاوکردەوە کە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڕێ و برای خۆیی دەزانێت. پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوکات ڕایگەیاند،"دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە هەندێک لە پلاتفۆرمە نەیارە دژبەرەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ و زانیاری ناڕاست بڵاوکرانەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر دوای بە دوا داچوونێکی ورد و لێکۆڵینەوە گەیشتینە دەرئەنجام و هەندێ لەو کەسانەی هانی ئەم هەڵمەتە ناڕەوا و نابەجێیەیان دەدا دەستنیشانمانکردن و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە یەکێک لەو کەسانە بەناوی (ئادەم عوسمان سلێمان) دەستگیر بکەین کە لە ڕۆژی 9ی دووی 2025، شۆفیری بۆ عەلی حەمە سالح پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان کردووە و لەو کاتەی پەرلەمانتاری ناوبراو سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆ گرتنی چەند شوێنێک بوو کە لەو پلاتفۆرمە ئاماژە پێکراون بڵاوبوونەتەوە." بەشدار حەسن یەکێکە لە پارێزەرانی کەیسی هاووڵاتی ئادەم عوسمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئادەم عوسمان پاش مانگێک و سی ڕۆژ لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت ئازادکرا ئەویش دوای هەوڵێکی زۆری تیمی پارێزەران و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم و یۆنامی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ." وتیشی،" ئادەم بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکرابوو، مادەکەش لەڕووی یاساییەوە کەفالەت دەیگرێتەوە و دەتوانرێت ئازاد بکرێت تا ڕۆژی دادگایکردنی." ئەو پارێزەرە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات ئەوەی کرا بەرامبەر ئادەم عوسمان کارێکی خراپ بووە و یەکەم جاریش نیە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەو جۆرە کارانە ڕوو دەدات، دەشڵێت،" بەپێی یاسا نابێت بەهیچ شێوەیەک دەم و چاوی تۆمەتبار بەتەواوی دەربخرێت، چونکە هێشتا بۆ دادگا کەیسەکەی ڕوون نەبووەتەوە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و یەک لانەبووەتەوە ئایە تاوانبارە یان نا، بۆیە کارێکی نایاسای بوو کە کرا و نەدەبوو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەو شێوەیە ڕووخساری بڵاو بکرێتەوە." ئەو مادەیەی کە ئادەمی لەسەر دەستگیرکراو مادەی 240 سزاکەی لەمادەکە بەم شێوەیە دیاریکراوە، یان حەپس یاخود بە بڕە پاریەیەک سزادان، سزای حەپسکردنەکە بۆ ماوەیەکە کە نابێت زیاتر بێت لە شەش مانگ یاخود پێبژاردن بە پارە نابێت لە سەد هەزار دینار زیاتر بێت. ئامادەم عوسمان بەهۆکاری هاوکاریکردنی عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەستگیرا کراوە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی عەلی حەمە ساڵحەوە کرد کرد لەبارەی هۆکارەکانی پشت بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو. عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک دوای ئازادبوونی ئادەم، پۆستێکی کرد وتی،" سوپاس بۆ خودا ئامادەم عوسمان ئازادبوو، دوای مانگێک و سێ ڕۆژ زیندانی لە ئاسایشی هەولێر و زۆر سوپاسی بەڕێز سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و تیمی پارێزەرانی و ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان دەکەین کە پشتیوانمان بوون." دەنگی ئەمەریکا بەمەبەستی وەرگرتنی ڕایی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە وتەبێژی دەستەکەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە. بە گوتەی شارەزایانی یاسای ئەوەی هێزە ئەمنیەکانی کوردستان لێرە و لەوێ دانپێدانان بڵاودەکەنەوە تەواو پێچەوانەی یاسایە و زۆرینەی دادوەرەکانیش لێی بێ ئاگان، بۆیە داوا دەکەن چیدیکە دانپێدانان بڵاونەکرێتەوە کە هێشتا کەیسەکە دەرئەنجامی کۆتایی وەرنەگرتبێت. شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دانپێدانانی ئەو شۆفێرەی کە لەگەڵ عەلی حەمە ساڵحی پەرلەمانتار بوو شتێک نەبوو بەتاوان هەژمار بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو شۆفێر بووە و شۆفێری بۆ کابرایەک کردووە کە حەسانەی دیبلۆماسی هەیە و دەڵێ بڕۆ بۆ فڵان شوێن و فڵان جێگا ئەویش پێیەوە پابەند بووە و ئەو ڤیدیۆی کردووە، هیچ بەرپرسیارێتیک ناکەوێتە سەر شانی ئەو شۆفێرە." وتیشی،" دواتر ئەو ڤیدیۆیانەی کە پەرلەمانتارەکە بڵاویکردووەتەوە خۆیی بڵاویکردووەتەوە، شۆفێرەکە بڵاوی نەکردووەتەوە، کەواتا هیچ پاساوێکی یاسای نەبووە بۆ دەستیگرکردنی ئەو شۆفیرە و ئەوەی ناویان لێناوە دانپێدانان ئەوە دانپێدانان نە بە لێکۆڵینەوەی دادەنێم نە بە دانپێدانان، چونکە تاوانێک نەکراوە بڵێت من کردوومە و ئەوە هۆکارەکەیەتی و ئەوەش دەرئەنجامەکەیەتی."