لە شیکارییەکی دەنگی ئەمەریکادا دەرەکەوتووە کە دووەم کەشتی ئێرانی کە ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ڕۆژئاوا وەکو بەشێک لە پلانێک بۆ هاوردەکردنی پێکهاتەی مووشەک لە چینەوە بۆ ئێران ناوی دەبەن، لە چینەوە بەڕێکەوتووە بۆ ئێران و بارێکی گەورەشی پێیە. ماڵپەڕەکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان دەریدەخەن کە کەشتی ئێرانی جەیران ڕۆژی دووشەممە چینی بەجێهێشتووە. فاینانشیاڵ تایمز و واڵ ستریت ژورناڵ و سی ئێن ئێن لە بڵاوکراوەکانی مانگی یەک و دوویاندا ناوی "جەیران "یان هێناوە وەکو یەکێک لەو دوو کەشتییە بارهەڵگرە ئێرانییەی کە تاران بەکارییان دەهێنێت بۆ هاوردەکردنی 1000 تەن سۆدیۆم پێرکلۆرات لە چینەوە. سێ دەزگاکە لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاواوە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە دەڵێن ئەو بارە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ ئەمۆنیۆم پێرکلۆرات کە پێکهاتەیەکی سەرەکی بزوێنەری سووتەمەنییە بۆ بەرهەمهێنانی 260 مووشەکی ئێرانی مەودا ناوەند. کەشتییە ئێرانییەکەی دیکە کە لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکاندا ناوی هاتووە بریتییە لە گوڵبۆن، کەشتییەکە لە 13 ی مانگی دوودا گەشتێکی 19 ڕۆژەیی لە ڕۆژهەڵاتی چینەوە بۆ بەندەر عەباسی ئێران تەواو کردووە، لە ماوەی گەشتەکەیدا دوو ڕۆژ لە بەندەری ژوژای گاولانی باشووری چین وەستاوە و بارێکی نەزاندراوی گەیاندووەتە ئێران، ئەمەش بەپێی ماڵپەڕی چاودێریکردنی کەشتییەکان مارینترافیک. هەردوو کەشتییەکە، جەیران و گوڵبۆن، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە وەکو دوو کەشتی کە لەلایەن دەزگای هێڵی کەشتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوەدەبرێن کە دەزگاکە خۆشی سزا دراوە. کەشتی جەیران هەتاوەکو 3 ی مانگی سێ لە دوورگەی لیوهێنگی چین ماوەتەوە، دواتر بەرەو باشوور ڕۆیشتووە بۆ ژوژای گاولان و لە 8 ی مانگی سێدا لەو بەندەرە لەنگەری گرتووە. دوو ڕۆژ دوای ئەوە جەیران بەندەرەکەی جێهێشتووە، بەرەو بەندەر عەباس بەڕێکەوتووە و پێشبینی دەکرێت لە 26 ی مانگی سێدا بگاتە بەندەرەکە. هەتاوەکو ڕۆژی هەینی، جەیران لە ئاوەکانی ئیندۆنیسیادا بووە، بەرەو باشوور ڕۆیشتووە بەرەو تەنگەی سینگاپوور. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی نەداوە کاتێک لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە پەیوەندی پێوە کراوە لەسەر ئەو بابەتە. نێردەی ئێرانیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ لێدوانێکی نەداوە. مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت کە ئاگاداری ڕاپۆرتەکانی مانگی یەکی فاینانشیاڵ تایمز و واڵ ستریت جێرناڵ بووە سەبارەت بە بەکارهێنانی گوڵبۆن و جەیران لەلایەن ئێرانەوە بۆ هاوردەکردنی سۆدیۆم پیرکلۆرات لە چینەوە. وتەبێژێکی وەزارەتەکە وتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لێدوان لەسەر بابەتە هەواڵگرییەکان نادات بەڵام بەردەوام سەنگ دەخاتە سەر ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بەو پێداویستییە هەستیار و تەکنەلۆجیا هەستیارانەی کە دەکرێت سوود بە بەرنامە موشەکی و چەکەکانی دیکەی بگەیەنن، هەروەها بەردەوام لە ڕێی سزاکانەوە لێپێچینەوە لە ئێران دەکات." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ لە 23 ی مانگی یەکدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانەی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە چین پابەند دەبێت بە کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی خۆی و بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی سزای تاکلایەنەی نایاسایی لەلایەن وڵاتانی ترەوە ڕەت دەکاتەوە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا