پێشنیاری کەمکردنەوەی کاتی ڕۆژوو مشتوومڕ لە هەرێم بەدوای خۆیدا دەهێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-03-14 20:25:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بڕیاری جێنشینی سعودیە بۆ کەمکردنەوەی کاتی ڕۆژوو لەو وڵاتە مشتوومڕ لە هەرێم بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر چی لیژنەی فەتوا بڕیارەکە بە پێچەوانەی "ئەحکامی ئیسلامی" ناو دەبات و دەڵێت، "دەستی سیاسی لە پشت ورووژاندنی ئەم بابەتانەوەیە و وەک هەرێم هەموو دنیا لەگەڵیدا بێت ئێمە ناتوانین یاسای ڕۆژوو بگۆڕین." بەڵام بەڕێوەبەری پێشووی ئەوقاف پێی وایە گەر بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردن لە سعودیە، دەبێت هەرێمیش پێوەی پەیوەست بێت. دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمە بابەتێکە ناکرێت بە بڕیارێکی سیاسی بگۆڕێت، ئیشی خەڵکی سیاسی و دەسەڵات و حکومەت نییە، ئیشی زانایانی ئاینییە، بڕیارەکە پێچەوانەی دەقی قورئانی پیرۆزە، شتی وا ناکرێت و ناتوانن بیکەن، هەموو دەوڵەتانی دونیا پشتگیری بکەن ئێمە ناتوانین ڕەئی وا بگۆڕین و کەس حەدی ئەوەشی نییە بیگۆڕێت." سەرۆکی لیژنەی فەتوا پێشی وایە، ئەو بابەتانەی دەقی لەسەرە مەجالی گۆڕانکاری تێدا نییە و ووروژاندنی بابەتەکەش لەم ڕەمەزانەدا دەستی سیاسی لە پشتە و دەڵێت،" کۆمەڵێک خەڵک بە سیاسەت ئەم بابەتانە دەکەنە ڕۆژەف و باس بۆ لەبیرکردنی بابەتی تر و دروستکردنی کێشەی فکریە لە ناو کۆمەڵگادا، ئێستا ڕەمەزان نە لە گەرمایایە نە لە جەوێکی ناخۆشدایە، لە تەموزیش بێت بە هەر حاڵ." بە گوێرەی بەشێک لە میدیا عەرەبیەکان کە دوێنێ بڵاو کراوەتەوە، محمد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعودیە بڕیایداوە لەساڵی ئایندەوە ماوەی رۆژوگرتنی موسڵمانان چەند سەعاتێک کەم بکاتەوە و لەجیاتی بانگی مەغریب ڕۆژووشکاندن (الافطار)لەگەڵ بانگی عەسردا بێت. لە بارەی بڕیارەکەی جێنشینی سعودیەوە، شێخ عەبدولڕەحمان سدیس ئیمام و خەتیبی حەرەمی کەعبەش دەڵێت،" ئەم بڕیارە دروستە و پێچەوانەی شەرع نیە." هاوکات هەریەک لە وڵاتانی ئوردن و مەغریب و تونسیش بڕیارەکە بە گونجاو دەزانن و دەڵێن، پابەندی بڕیارەکەی سعودیە دەبن. مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پێشووی ئەوقافی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە دڵنیاییەوە هەر بڕیارێک لە سعودیەوە دەربچێت دەبێت هەرێمیش پێوەی پابەند بێت، کورد مافی ئەوەی هەیە بڵێ ئاینداری بەشێواز و مۆرکی کوردانە بکات، بەڵام کاتێک لە سعودیە بڕیارێک دەردەچیت دەبێت هەرێمیش پێوەی پەیوەست بێت، بۆ نموونە تا سعودیە نەڵێت ڕەمەزانە یان جەژنە ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین، مەرجەعی بڕیاری ئیسلامی سعودیەیە و قیبلە و حەجی موسوڵمانان سعودیەیە، مەنتق نییە لێرە قەرارێک بدرێت بڵیی سعودیە دەبێت پێوەی پەیوەست بێت." هەروەها دەشڵێت،" فەرزەکانی ئیسلام هەمووکەس بۆی هەیە قسەی لەسەر بکا، نەسێکی سریح هەیە کە ئەبیەز و ئەسوەد جیا کرایەوە لە یەک ڕۆژوو دەست پێدەکات، دەبێ لەو کاتەوە دەست هەڵبگری لە خواردن تا ڕۆژ دەبێتەوە، ئێ لە هەر وڵاتێک بە جۆرێکە واتە کاتەکان جیاوازە، ئەمە وای کردووە تەفسییری جیاوازی بۆ بکرێت و مافی خۆشیانە. قسەکردن لەسەر کاتی ڕۆژوو رای جیاوازی لەسەرە، بابەتەکە ئەوەندە قورس نییە، کە خەڵکی لەسەر تەکفیر بکرێت." سەبارەت بە ورووژاندی ئەم بابەتە لە ئێستادا و تۆمەتبارکردنی بە هەبوونی دەستی سیاسی لە پشت بڕیارەکەی سعودیەوە، مەریوان نەقشبەندی دەڵێت، لە ڕابردووشدا زۆر بابەتی تر مشتوومڕی گەورەی دروستکردووە لە هەرێم، بەڵام دوای تێگەشتن لە بابەتەکە بووە بە واقع. مەریوان نەقشبەندی دەڵێت،" دەستی سیاسی لە پشت نییە، پێم وایە ئەم بابەتانە مادام مەسی سەوابتی قورئان ناکا واتە مەجالی ڕای جیاوازی لەسەرە، بەڵام دەنگێکی توندڕەو هەیە لە کوردستان هیچی پێ قبوڵ نییە و خۆی پێ لەوانە مسوڵمانترە کە لە مەککە و مەدینەوە سەریان هەڵداوە، قبوڵکردنی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەشتن و ئاستی ڕۆشنبیری خەڵك. هیچ بەرژەوەندیەکم نییە لە ورووژاندنی بابەتێکی وا."