چۆن دەتوانرێت گرین کاردی ئەمەریکایی هەڵبوەشێندرێتەوە؟

دوایین نوێکردنەوە 2025-03-14 20:25:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
چۆن دەتوانرێت گرین کاردی ئەمەریکایی هەڵبوەشێندرێتەوە؟

دەستگیرکردنی ئەمدواییانەی چالاکەوانی فەلەستینی و دانیشتوویی هەمیشەیی یاسایی ئەمەریکا مەحمود خەلیل کە ڕۆڵێکی دیاری بینیوە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی زانکۆی کۆڵۆمبیادا لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە، پرسیاری لەسەر سنوورەکانی گرین کاردی ئەمەریکا دروست کردووە. خەلیل لە ساڵی 2024 ەوە خاوەنی گرین کاردە و مافی مانەوەی پێدراوە لە ئەمەریکادا. بەڵام هەڵگرانی گرین کارد دەکرێت کاردەکە لە دەست بدەن و ڕووبەڕووی ڕەوانەکردنەوە ببنەوە ئەگەر یاسای کۆچ پێشێل بکەن. ڕۆژی چوارشەممە دادوەرێکی فیدڕاڵی هەوڵەکانی زیاتر کرد بۆ ڕاگرتنی ڕەوانەکردنەوەی خەلیل، خەلیلی دانیشتووی نیویۆرک هێشتا لە دەستبەسەریدایە لە لویزیانا سەرەڕای ئەوەی بە هیچ تۆمەتێک تاوانبار نەکراوە. دژایەتیکردن، تەنانەت بە ئاشکراش، لەگەڵ سیاسەت و کارەکانی حکومەتی ئەمەریکا تاوان نییە، هەروەها یاسای مافەکان ئازادی ڕادەربڕین و مافی کۆڕ و کۆبوونەوە دەپارێزێت. بۆچی گرین کارد هەڵدەوەشێندرێتەوە؟ لیندا داکین گریمی پارێزەر لە نیویۆرک بە دەنگی ئەمەریکای وت گرین کاردەکان دەتوانرێت هەڵبوەشێندرێنەوە. وتی " ئەوە شتێکی زۆر باو نیە، بەڵام دەگمەنیش نیە. زۆرجار خەڵکەکە گرین کاردەکانییان لە دەست دەدەن کاتێک تاوانبار دەکرێن بە تاوانێک.. گرین کارد ڕەگەزنامە نیە. شایستەیەکە بە دەستی دەهێنیت، بەڵام دەکرێت لە دەستی بدەیت ئەگەر لە کارێکدا بەشدار بیت کە پێچەوانەی ئەو هەلومەرجە بێت کە هەڵگرانی گرین کارد لە ژێرییاندا دەژین." نموونەی ئەو تاوانانەی کە دەکرێت ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرین کاردی کەسێک بریتین لە تاوانی خراپ، تاوانەکانی پەیوەست بە دەرمان، ساختەکاری، یاخود نیگەرانییە ئاسایشییەکانی وەکو پەیوەندی کەسەکە بە گروپێکی تیرۆریستییەوە. هەڵگرانی گرین کارد دەشتوانرێت کاردەکەیان لە دەست بدەن و مافی یاسایی مانەوەی هەمیشەییشیان لە دەست بدەن ئەگەر وەکو مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی لە قەڵەم بدرێن. ئەگەر هەڵگرێکی گرین کارد تاوانبار بکرێت بە تاوانێک، دۆسییەی تاوانەکە بە سیستمی دادوەریدا تێپەڕ دەبێت. بەڵام پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوەی هەمیشەیی لە دادگای کۆچدا بەڕێوەدەچێت، کە لەوێ بەرپرسان بەڵگە دەخەنە ڕوو بۆ پاساو هێنانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرین کاردەکە. چۆن گرین کار هەڵدەوەشێندرێتەوە؟ هەڵوەشاندنەوەی گرین کاردێک پڕۆسەیەکی یاساییە و کاتێک دەستپێدەکات کە حکومەتی ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی کەسەکە یاخود هەڵگری گرین کاردەکە یاساکانی کۆچی پێشێل کردووە. دۆسییەکە بە چەند شێوازێکی جیاواز دەکرێت ببێتە جێی سەرنجی حکومەت، یان ئەوەتا لە ڕێی پشکنینێکی ڕۆتینی کۆچەوە، لێکۆڵینەوەی پۆلیس، یاخود ئاشکراکەرێک. داکین گریم وتی " دەکرێت بە شێوەیەکی تیۆری ئاشکراکەرێک بێت، کەسێک کە هەندێک زانیاریی هەیە، ئایا دەتوانن پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوە بکەن؟ لەوانەیە." وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ زۆرجار دەستپێشخەری بۆ پڕۆسەکە دەکات. هەڵگری گرین کاردەکە نوسراوێکی بە دەست دەگات کە بە ئاگادارکردنەوە بۆ ئامادەبوون لە دادگایەکی کۆچدا ناسراوە، یان لە حاڵەتێکی جددییدا دەستگیر دەکرێت. بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە وتییان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گرین کارد یاخود هەر ڤیزایەک هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر چالاکییەکانی کەسەکە لە ئەمەریکادا " دەرەنجامی مەترسیداری لەسەر سیاسەتی دەرەوە هەبێت." ڕوبیۆ وتوویەتی دۆسییەکەی خەلیل پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە نیە. ڕوبیۆ وتی " هیچ کەس مافی گرین کاردی نیە، ئەگەر ئەو کاتەی هاتیتە ئەمەریکا پێت بووتینایە کە نیازت ئەوە بووە ئەنجامی بدەیت ئەوا ئێمە هەرگیز ڕێگەمان نەدەدا بێیتە ئەمەریکاوە. ئەگەر هەرکە هاتیتە ئەمەریکاوە ئەوە بکەیت، ئەوا هەڵیدەوەشێنینەوە و دەرت دەکەینە دەرەوە." ئەو دەسەڵاتەی کە وەزیری دەرەوە هەیەتی بۆ دەستوەردان لە دۆسییەیەکی وەکو دۆسییەکەی خەلیلدا لە یاسای کۆچ و نەتەوەیی ساڵی 1952 ەوە سەرچاوەی گرتووە. یاسایەکە ڕێگە بە وەزیری دەرەوە دەدات بڕیار بدات کە کەسەکە کە ئەمەریکایی نیە دەبێت ڕەوانە بکرێتەوە یاخود نا، ئەگەر بوونی کەسەکە یان چالاکییەکانی کەسەکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بگەیەنن. خەلیل فەرمانی پێکراوە ئامادەی دادگاییکردنی بێت لەبەردەم دادوەرێکی کۆچدا لە 27 ی مانگی سێدا لە لویزیانا. دادگا لە دادگای کۆچ، قورسایی بەڵگەکان لەسەر حکومەتە، دەبێت دەریبخات کە ئەو کەسە یاساکانی کۆچی پێشێل کردووە. لە دۆسییەیەکی وەکو دۆسییەکەی خەلیلدا، دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمەریکا داوای ڕەوانەکردنەوەی خەلیل دەکات، بەڵام دەبێت بیسەلمێنن کە ئەو مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی. هەڵگرەکەی گرین کاردیش دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. لە سیستمی دادپەروەریی تاواندا، ئەگەر کەسێک نەتوانێت پارێزەرێک بۆ خۆی دابین بکات، ئەوا حکومەت دەبێت بەرگریکارێکی گشتی بۆ دابین بکات. بەڵام لە دادگای کۆچدا، کۆچبەران مافییان هەیە پارێزەرەکانی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام حکومەت پێویست ناکات پارێزەرێکی بۆ دابین بکات. ئەگەر کۆچبەران نەتوانن پارێزەر دابین بکەن یاخود نەتوانن پارێزەرێک بدۆزنەوە نوێنەرایەتییان بکات، ئەوا ناتوانن دەستییان بگات بە نوێنەرایەتیکردنێکی یاسایی. داکین گریم دەڵێت پڕۆسەکە دەکرێت هەندێک جار بە خێرایی بەڕێوەبچێت، بەڵام ئاڵۆزیشە. لە سیستمی دادگای کۆچدا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرین کارد ڕێوشوێنێکە لەلایەن وەزارەتی دادەوە ئەنجام دەدرێت، لە ژێر ئۆفیسێکدا کە بە ئۆفیسی جێبەجێکاری پێداچوونەوە بە کۆچ ناسراوە. داکین گریم وتی " وەکو ئەوە وایە حکومەت داواکارە لە دۆسییەکەدا، دادوەرەکەش حکومەتە." دەرەنجام ئەگەر دادوەرەکەی کۆچ بڕیار دژی هەڵگری گرین کاردەکە بدات، ئەوا دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن لە دەستەی تانەدانی کۆچ. ئەگەر دەستەکە لەگەڵ حکومەتدا هاوڕا بێت، ئەوا هەڵگری گرین کاردەکە دەتوانێت لە دادگای تانەدانی فیدڕاڵدا تانە لە بڕیارەکە بدات. سەرەڕای ئەوەی دەکرێت دۆسییەکە دواجار بگاتە بەردەم دادگای باڵای ئەمەریکا، داکین گریم دەڵێت ئەوە بە دەگمەن ڕوودەدات، چونکە دادگای باڵا خۆی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە چی دۆسییەیەک وەربگرێت. وتی " زۆر کەس ناتوانن خۆیان بە تەنها ئەم جۆرە کارە یاساییە ئەنجام بدەن، زۆر زۆر گران دەبێت لەسەرییان، سەدان هەزاران دۆلاری تێدەچێت تاوەکو دۆسییەکە لە ئاستێکی دادگاییکردنی ئاساییەوە ببەیت بۆ دادگای باڵا." بڕیاری کۆتایی ئەگەر گرین کاردەکە هەڵبوەشێندرێتەوە و تانەدانەکە شکست بهێنێت، کەسەکە زۆرجار لە ئەمەریکا دەردەکرێت و ڕەوانە دەکرێتەوە. ئەگەر تانەدانەکەی سەرکەوتوو بێت، ئەوا کەسەکە گرین کاردەکەی دەپارێزێت و ڕێگەی پێدەدرێت لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە. داکین گریم دەڵێت زۆرێک لە هەڵگرانی گرین کار لەبەرئەوەی کە ناوەکەی " مانەوەی هەمیشەییە " پێیان وایە کە ئەوە بە ڕاستی مانەوەیەکی هەمیشەییە. " بەڵام ئەوە تەنها لە کاتێکدا هەمیشەییە کاتێک تۆ پەیڕەویی یاساکان دەکەیت." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا