سەرۆک ترامپ: سەرکردە هەڵهاتووەکەی داعش لەلایەن ‌هێزەکانمانەوە بە هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان لەناوبرا

دوایین نوێکردنەوە 2025-03-15 15:15:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆک ترامپ: سەرکردە هەڵهاتووەکەی داعش لەلایەن ‌هێزەکانمانەوە بە هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان لەناوبرا

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شەوی هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە 'تروث سوشال' ڕایگەیاند سەرکردەی داعش لە سوریا و عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە بە بە هاوکاری هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کوژراوە. ترامپ نووسیوێتی " ئەمڕۆ سەرکردە هەڵاتووەکەی داعش لە عێراق کوژرا. بێ وەستان لەلایەن شەڕکەرە ئازاکانمانەوە ڕاو کرا و ژیانی نەگبەتی کۆتایی پێهات." سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی نووسینەکەیدا نووسیوێتی ئەو سەرکردەی داعشە لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی داعش لەلایەن هێزە ئازاکانی وڵاتەکەی بە هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان کوژراون. تۆزێک پێش ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ڕۆژی هەینی 14ی مانگی سێ ڕایگەیاند هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرکردەی داعشیان لە عێراق و سوریا کوشتووە. سودانی ئەو سەرکردەی داعشەی بە "یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستان لە عێراق و جیهان" ناودێر کردبوو. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکدا نووسیبووی"عەبدوڵا مەکی موسلح ئەلرفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە، سەرکردەی داعش لە عێراق و سوریا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان کوژراوە." سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایسی عێراق ڕاگەیاندووە ئەو سەرکردەی داعشە یەکێک بووە لە سەرکردە پڕ لە جوڵەکانی داعش و هاندەریان بوو بۆ هێرشکردنە سەر هێزە سەربازییەکانی عێراق و هەروەها ماوەیەک لە سنووری کەرکوک و دیالەو سەڵاحەدین بەرپرسیارێتی هەبووەو ڕۆڵی بزوێنەری چەکدارانی داعشی گێڕاوە. ئەبوخەدیجە تەمەنی 34 ساڵ بووە و خەڵکی گوندی روفەیعاتی ناحیەی بەلەدە، لەتەمەنێکی کەمدابووە کاتێک پەیوەندی بە گروپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە کردووە.