هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی ساڵیادی یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئایاری 1992، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
بە ناوی خودای گەورەو میهرەبان
ئەمڕۆ ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان، بەجێگەیاندنی یەكەمین بەڵێنی شۆڕشگێڕان و سەركردایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە بۆ گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ سندووقەكانی دەنگدان، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین، ئەو ڕۆژە سەرەتای قۆناخێكی نوێ بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، لە یەكەمین ئەزموونی رزگاریی میللەتی كوردستان، ڕاستەوخۆ پەنای بۆ ئامرازە دیموكراسییەكان برد بۆ یەكلاكردنەوەی ركابەرییەكان و پێشڕەوایەتی و ئیدارەكردن و مافی پێدانی گفتوگۆكردن بە هەڵبژێردراوان لە پێناو بەرژەوەندیی گەل و وڵات، لەو رۆژەدا بناغەی دەوڵەتداری و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان جاڕ درا، وەڵامی هەموو ئەوانەش درایەوە كە پێیان وابوو گەلی كوردستان ناتوانێت ئیدارەی خۆی بكات و شارەزایی لە پێشكەوتندا نییە، بەڵام بە ئەزموونە دیموكراسییەكەمان بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا، كە گەلی كوردستان نەك هەر توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە، بەڵكو ئێستا ئەزموونەكەمان بووەتە نموونەی پێكەوەژیان و فەزای ئازاد و دیموكراسی و ئازادیی دەربڕین لە ناوچەیەكدا، كە هەموو ئەو بنەمایانە تێیدا ونن و هەموویان لە خەوی شەڕ و گەڕانەوەی مۆنۆپۆلن.
هەر لە ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، وێڕای سەختی و ئاستەنگەكان ئێستا خولی پێنجەمی پەرلەمانە و لە رووی نوێنەرایەتی و بەشداریی سیاسی فراوانترین رووبەری پێكهاتەی كوردستان دەگرێتەوە و جەخت دەكەینەوە، كە هەمیشە پەرلەمان بەشێك بێت لە چارەسەر بۆ سەرجەم لایەنەكان و چەتری كۆكەرەوەی گشت لایەنەكان و قووڵتركردنەوەی گیانی كاری پێكەوەیی و قووڵتركردنی كولتووری دیموكراسی و دیالۆگ و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە بێت، پێویستە پەرلەمان جێگەی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بێت، بە هەمووان پارێزەری پێكەوەژیانی ئاشتی و برایانە بین، كە سیمایەكی دیاری ناسینەوەی كوردستانە، هەروەك دەبێ پێكهاتەی كورد و شۆڕشگێڕەكانی بەرگریكاری سەرسەختی مافی هەموو پێكهاتەكانی دیكە بین، نەك بچنە بەرەی دژ بە مافی ئەوان، چونكە دەبێ ئەوان و هەموو پێكهاتەكانی دیكە لەبیریان بێت، كە كاتێك پێكهاتەیەك خۆی فەرز دەكات و هەموو شتێك لە دەستی خۆی بێت، پێكهاتەكانی دیكە دەچەوسێنێتەوە، بۆیە پێویستە هەموومان وانە لە سەردەستەیی تاكە یەك پێكهاتە وەربگرین بەر لە راپەڕینی خەڵكی كوردستان و رێگری بكەین لە دووبارەبوونەوەی.
هاوكات دووپاتی پابەندبوونی تەواو بە رێكارە یاسایی و دیموكراسییەكان دەكەینەوە بۆ چارەسەری گرژی و ناكۆكییەكان، پێویستە هەموومان پابەند بین بەو بنەمایانە بۆ مامەڵەكردن و دەرفەتی زیاتری پێكەوەیی بوون، لەو ئانوساتەدا كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی هەموو جیهان رووبەڕووی دۆخێكی سەخت بووەتەوە، خەڵكی كوردستانیش بە هۆی بارودۆخی چەند ساڵی شەڕی داعش و بڕیاری نادەستووریانەی حكوومەتی عێراق بۆ بڕینی قوت و بودجەی خەڵكی كوردستان، بەكارهێنانی وەك كارتی سیاسی، دۆخەكە سەختر بووە.
پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی لە هەنگاوەكانی چاكسازی بكەین، و سەلمێندرا كە تەنیا بە چاكسازی دەتوانین سەرلەبەری كار و پێشڤەچوونەكانمان رێكبخەین و پشتیوانی بكەین لە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و ئەنجامدانی چاكسازی و زیادكردن و فرە رەهەندكردنی سەرچاوەكانی داهات.
جارێكی تر بەم بۆنەیەوە پێرۆزبایی لە تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین و سەری رێز و نەوازش بۆ رۆحی شەهیدانی رێگای رزگاریی گەلەكەمان دادەنوێنین، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، سڵاو بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان هەمیشە شاد و سەرفراز بن.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
2020/5/19