عه‌لی خه‌لیل: داعش له‌ مووسڵ به‌هێز بووه‌تەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ووسڵ-KDP.info- به‌رپرسی لقی چوارده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ مووسڵ گوتی، به‌هۆی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له ‌نێوان ئه‌و هه‌موو هێزانه‌ی له‌ مووسڵن، داعش به‌رده‌وام له ‌به‌هێزبووندایه،‌ به‌ جۆرێك کە ئێستا له‌جیاتی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌رفه‌ت ببینن هێرشی چه‌كداریش دەکەن، بۆیه‌ گه‌ر وا بڕوات و چاره‌ نه‌كرێت، هێرشه‌كانیان بۆ ناو مووسڵ ده‌گوازنه‌وه‌.

به‌رپرسی لقی چوارده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ مووسڵ، عه‌لی خه‌لیل، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داعش له‌ مووسڵ هه‌یه‌ و به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌ و ڕێكخستنه‌كانیان به‌هێز ده‌كه‌ن و گرووپیان پێک هێناوە و له‌گه‌ڵ شانه ‌نوستووه‌كانی ناو شاریش په‌یوه‌ندیی باشیان هه‌یه‌، ئێستا به‌ جۆرێك به‌هێز بوونەتەوە‌ كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك خاڵێكی لاواز ببینن هێرشی چه‌كداری ده‌كه‌نه‌ سه‌ری و زیانی پێ ده‌گه‌یەنن، چونكه‌ داعش له ‌مووسڵ هه‌ر ماوه‌ و بنبڕ نه‌بووه‌ و چه‌كدارنی پێشووش هه‌رماون."

عه‌لی خه‌لیل گوتیشی: "هێزێكی زۆر و جۆراوجۆری ئه‌منی له ‌مووسڵ هه‌ن‌، به‌ڵام هیچ هه‌ماهه‌نگییان نییه‌ و پێكه‌وه‌ دانانیشن پلان دانین بۆ ئەوەی‌ كۆنترۆڵی مووسڵ و ده‌ره‌وەی بكه‌ن، بۆیه‌ هیچ شوێنێكی مووسڵ كۆنترۆڵ نییه‌ و هه‌مووی گرووپی میلیشیاییی لێیه‌. جگه‌ له‌وانه‌ش، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆ و هه‌واڵگری و سوپا هیچ هه‌ماهه‌نگییان نییه‌، بۆیه‌ كه‌ كردەوەیەک ده‌بێت هه‌ر یه‌كه‌یان ئه‌وه‌ی دیكه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، هەر لەبەر ئەوە داعشیش به‌هێزتر بووەتەوە‌."

خه‌لیل باسی له‌وه‌ش كرد: "تا پۆلیس ناوخۆی مووسڵ نه‌پارێزێت و ده‌ره‌وه‌ش سوپا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ نه‌یپارێزێت، دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت و باشتر نابێت."

گوتیشی: "ئه‌و هێزە غه‌ریبانەی هاتوون بۆ مووسڵ، پێویسته‌ ده‌ربكرێن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ بۆ بازرگانی و گۆڕینی دیموگرافیای مووسڵ هاتوون، نه‌ك بۆ پاراستنی خه‌ڵك، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت داعشیش به‌هێزتر ده‌بێت، ئه‌وكات داعش كرده‌وه‌ی گه‌وره‌تر ئه‌نجام ده‌دات و نه‌ك ته‌نها له‌ ده‌وروبه‌ری مووسڵ، به‌ڵكو له‌ناو شاری مووسڵیش، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سنووری مه‌خموور ده‌غڵودانی جووتیارانیش ده‌سووتێنن."

بڵند ئیبراهیم