سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/5/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندارەکان بەشداربوون ، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی بنەمایەکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بنیات بنێت و سەرچاوەکانی داهاتیش هەمەجۆر بکات و گرنگی زیاتریش بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی یاسای نوێی وەبەرهینان کرا کە بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەند کردنی ، جەختیش لەوەکرایەوە کە پێویستە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای پێداویستییەکانی هەرێم و بەرژەوەندی گشتی بێت.