سبەینێ شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی بەڕێوە دەچێت

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-04 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

سبەینێ پێنجشەممە، لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا، ژمارەیەك چالاكیی جۆراوجۆر لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەڕێوە دەچن.

شیرین ئەمین، هاوسەری ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سبەینێ پێنجشەممە 5/12/2019 لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا ژمارەیەك چالاكیی جۆراوجۆر لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەڕێوە دەچن".

گوتیشی: "كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە گۆڕستانی كەلاری كۆن، مەراسیمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆی ڕۆژنامەنووسی تیرۆركرکرا بەڕێوە دەچێت و  كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان مەراسیمی سەرەكی ئەنجام دەدرێت كە تێیدا خەڵاتی ساڵانەی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی دابەش دەكرێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "كاتژمێر 8.30 خولەكی شەو لە ژووری تایبەتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی لە گەڕەكی سەركەوتن مەراسیمێكی تایبەت بەڕێوە دەچێت".

كاوە گەرمیانی تەمەن 35 ساڵ، ڕۆژنامەنووسێكی بوێر و دیاری گەرمیان بوو، ئەندامی كارای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ‌و ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بووە، پەیامنێری ڕۆژنامەی (ئاوێنە) و ڕادیۆی (ئازادی) بووە لە گەرمیان، هاوكات سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەڵ) بووە كە گۆڤارێكی سیاسی كۆمەڵایەتی گشتییە و مانگی جارێك لە گەرمیان دەردەچوو، خاوەنی كتێبێكیشە بەناوی (گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە رەشەكاندا).

گەرمیانی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا چەندین جار ڕووبەڕوی گرتن ‌و ئەشكەنجەدان ‌و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرپرسە حزبی ‌و ئەمنییەكان بووەتەوە.

شەوی پێنج شەمە 5 كانوونی یەكەم/دیسەمبەری 2013، لەنێو ماڵی باوكی ‌و لە ئامێزی دایكیدا لە گەڕەكی سەركەوتنی شاری كەلار تیرۆر كرا.