بڕیاره‌ دوای جه‌ژن رێككه‌وتنی ئیداری و سه‌ربازی له‌نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌ و ته‌ڤده‌م بکرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كورد له ‌سوریا دەڵێ، گفتوگۆی نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌ و ته‌ڤده‌م به‌رده‌وامە و، بڕیاره‌ دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان رێككه‌وتنی ئیداری و سه‌ربازیش ئه‌نجام بدرێت، ئەوانەش لە ژێر ڕۆشنایی کۆبوونەوەکانی هەولێر و دهۆکن.

دکتۆر كاوه‌ ئازیزی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كورد له‌ سوریا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌نه‌كه‌سه‌ و ته‌ڤده‌م رێككه‌وتنێكی سیاسیی كوردانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و، بڕیاردراوه‌ له‌هه‌موو پرسێكی نه‌ته‌وەیی په‌یوه‌ست به‌ كورد له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بن، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باشه‌ بۆ كورد له ‌رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن مافه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن".

ئازیزی گوتیشی: "‌ئێستا چه‌ند لیژنه‌یه‌كیش درووستكراون بۆ ئه‌وه‌ی دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان ده‌ست به‌گفتوگۆ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌بواری سه‌ربازی و ئیداری و ئابووری و چۆنیه‌تی به‌ڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان رێككه‌وتنێكی دیكه‌ ئه‌نجام بده‌ن".

ئازیزی باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی ئه‌نجام ده‌درێن له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك ده‌بن و، ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی کە ئه‌نجامیش ده‌درێن له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك ده‌بن و‌ ده‌كرێنه‌ بنه‌مای رێككه‌وتنی نوێ.

 

بڵند ئیبراهیم