دوای جه‌ژن ده‌ست به‌وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران ده‌كرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبه‌ری گشتی وەز‌اره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێ، سایلۆكان ئاماده‌كارییان كردووه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، سیدی ناوی جوتیاران له‌به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌ و، دوای جه‌ژن ده‌ست به‌وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران ده‌كرێت.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوەبه‌ری گشتی وەز‌اره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ ئه‌مساڵ 399هه‌زار ته‌ن گەنم  له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وەربگرێت، كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ كه‌مه‌ و به‌رهه‌می جوتیارانی هه‌رێم ئه‌مساڵ زۆر زیاتره‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گرن، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كردبوو، حكوومه‌ت گه‌نمی جوتیاران ئه‌وه‌ی ده‌مێنێـه‌وه‌ بكڕنه‌وه‌ و، بیده‌نه‌وه‌ ئاشه‌كانی خۆمان بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به ‌ئاردی سفر، به‌ڵام هاتنی كۆرنا و قه‌یرانی ئابووری پلانه‌كه‌ی تێكدا، ئێستا جوتیاران ئه‌و گه‌نمه‌ی ده‌مینێته‌وه‌ له‌بازار ده‌یفرۆشن".

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م گوتیشی: "سیدی ناوی جوتیارانی كورد له‌ به‌غدایه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بگه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ركاتێ گه‌ڕایه‌وه،‌ دوای جه‌ژن ده‌ست به‌ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران ده‌كرێت له‌سایلۆكان و، ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه"‌.

 

بڵند ئیبراهیم